سەرۆک کۆماری تورکیه ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کوردەکان به تەقینەوەکەی ڕۆژی شەممەی شاری قەیسەری تورکیه تاوانبار دەکا کە کۆمهڵێک سەربازی تێدا کوژران و ٥٦ کەسی تریش بریندار بوون.
ئەردۆغان ڕایگەیاند، ” شێواز و ئامانجی هێرشەکە بە ڕوونی نیشان دەدا کە ئەمە کاری ئەو ڕێکخراوە تیررۆریستە جودابیرانهیه”.
ههروهها نومان کورتولماس، جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیهش ڕایگەیاند، کەرەستەی هاوشێوەی تەقینەوەکانی ئەستانبوڵ لەم هێرشەشدا بەکار هاتووە و لە لێدوانێکیدا داوای لە هاوپەیمانانی تورکیه کرد کە چیتر پشتیوانی لە چهکدارانی دژبهری دهوڵهت نەکەن. پاشان گوتی، ” ئێمە چاوەڕوانی ئەوە لە دۆستەکانمان دەکەین نەک تەنها چەند پەیامێکی مهحکوم کردن، بەڵکوو پێویستە لەگەڵماندا دژ بەم ڕێکخراوە تیرۆرستییانە شەڕ بکەن”.
ئانکارا پشتیوانیی واشنگتۆن له چەکدارە کوردەکانی سووریه بە پشتیوانیکردن لە تیرۆریزم دادەنێ.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکاش ئەو هێرشەی مهحکوم کرد. سەرۆکی ڕووسیه ولادیمیر پوتین لە پێوەندییەکدا بە ئەردۆغانی ڕاگەیاند، ڕووسیه ئامادەیە بۆ شەڕی دژ بە تیرۆر هاوکارییەکانی زیاتر بکا.
کاربەدەستانی تورکیه هەتا ئێستا ٧ کەسیان بە گومانی بهشداربوون لەو تەقینەوەیەدا دەسبهسهرکردوە.
پارتی سیاسی سەر بە کوردەکان واتە HDP ئەو تهقینەوەیەی مەحکوم کرد و داوای له کاربهدهستانی تورکیه دەکا کۆتایی بە سیاسەتی دوژمنکاری و توندوتیژی لەو وڵاته بهێنرێ.
شایانی باسه له ماوهی چهند مانگی ڕابردوودا کاربهدهستانی دهوڵهتی تورک به هەزاران سیاسەتمەداری کورد و بۆ وێنە دوو ڕێبەری HDP شی بەگومانی ئەوەی کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەبووه دەستگیر کردووە.