حەسەن روحانی، سەرکۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتیدا بە بۆنەی “هفتەی وحدت” لەگەڵ کۆمەڵێک لە کەسایەتی و نوێنەرانی سوننیمەزهەب، هەوڵی چووکە نیشاندان و حاشاکردن لە کێشەکانی تایبەت بە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی دا. روحانی لەگەڵ ئەوەیکە بوونی جیاوازییە “قەومی” و”مەزهەبی”یەکانی لە ئێراندا وەک “دەرفەت” ناو برد و پێی وابوو نابێ ئەم جیاوازییانە بە “هەڕەشە” لێک بدرێنەوە و لە روانینی “ئەمنیەتی”یەوە بیر لە چارەسەرکردنیان بکرێتەوە – کە خودی ئەم تێروانینە شایانی تەشویق کردنە، بەڵام نەخشەرێگاکەی جەنابیان لە کۆتاییدا دیسان هەر لەسەر بنەمای بەکەمگرتن و حاشاکردن لە بوونی کێشەیەکی ریشەیی و جیدی بە ناوی “پرسی نەتەوەکان” و، ئەو دووچاوەکییە زەق و مەترسیدارەیە کە بە نیسبەت ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان لەم وڵاتە لە ئارادایە.
روحانی لە قسەکانیدا نەتەنیا حازر نەبوو ناوێک لە نەتەوەکانی وڵاتەکەی بێنێ، بەڵکوو وەک سیاسەتی هەمیشەیی رێژیمەکەی، دیسان هەوڵی دا کێشەکان لە هێندیك “پاشکەوتووی ناوچە سنوورییەکان”دا کورت بکاتەوە کە گوایا “ئاوڕلێدانەوەیان لە بەرنامەی دەوڵەتەکەیدا” گونجێندراوە! ناوبراو لەگەڵ تەئیدکردنەوەی سیاسەت و هەڵوێست و روانینەکانی رێژیمەکەی لە ماوەی ٣٧ ساڵی رابردوودا بەرانبەر بە پرسی “اقوام” و پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان، باسی لە هەنگاوی نوێی! دەوڵەتەکەی لە پێوەندی لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی مافەکانی “اقوام” کرد و مزگێنی پەردەلادان لەسەر “مەنشووری مافی شەهروەندی” بە بەشدارانی کۆبوونەوەکەدا!
هەرچەند تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت خەڵکی سەر بە نەتەوەکانی غەیری فارس لەم وڵاتەدا وەک “شەهروەندی” دەرەجە ٢ و ٣ سەیر دەکرێن و لە مناسباتی جۆراوجۆری حقوقیدا پرسیار لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتیان ساز دەکرێ، بەڵام قسەکردن لە “مافی شەهروەندی” لە بەرانبەر “پرسی نەتەوەیی”دا راست بە مانای سووکایهتی کردن به شوناسی نەتەوایەتی و دابەزاندن و چووکەکردنەوەی داخوازە نەتەوایەتییەکانی گەلانی ئێرانە. سیاسەتێک کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای حاشاکردن لە بوون و هۆوییەتی نەتەوایەتیی نەتەوەکانی ئەم وڵاتە پەیرەوی لێ دەکات و رێکاری سەرکوت و داپلۆسینی هەمەچەشنی- لە جنسی سەخت و نەرم- بۆ گرتۆتە پێش..
ئەزموونە دێموکراتیکەکان نیشانیان داوە کە، تەنەوعاتی نەتەوەیی و مەزهەبی لە وڵاتێکدا کە خاوەنی دەسەڵاتێکی گەلی و دێموکراتی بێ، نەتەنیا هەڕەشە نین، بەڵکوو دەبنە هەوێنی ئاشتی و ئارامی و پێشکەوتن. بەڵام تێروانین و هەڵوێستی هاوچەشنی بۆچوونەکانی حەسەن روحانی و رێژیمەکەی، نەتەنیا هیج دەرفەتێک بۆ پێکەوەژیانی جیاوازییە نەتەوەیی و مەزهەیییەکان ناڕەخسێنن، بەڵکوو کەلێنەکان قووڵتر دەکەنەوە و دەبنە هەڕەشەیەک کە پێش هەموو لایەک دەبێ دەسەڵاتدارانی ئەم رێژیمە لێی بترسێن.