بە پێی هەواڵی بڵاوکراو لە ماڵپەری ژینگەوان، خوێندکارانی چالاک و بەهەڵویستی زانکۆی پەیامنووری مەریوان لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیاندا ڕایانگەیاند کە، بۆ هاودەردی و پاڵپشتی کردن لە کرێکارانی شارەداری مەریوان و وەک ناڕەزایەتییەک بە بارودۆخی نەگونجاوی ئەو زەحمەتکێشانە، کە بەردەوام لە لایەن شارەداری و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە دەچەوسێنەوە، داهاتی فیلمی “بێکەس” تەرخان دەکەن بۆ کڕینی پێداویستییەکانی پاکوانانی ژینگە.
شایانی باسە کە پاکوانانی مەریوان، زیاتر لە شەش مانگە پارەیان پێنەدراوەو، پێویستییەکانیان پشتگوێ خراوە و بە هۆی تەپوتۆزی شەقامەکان کە ئەگەر گرینگییان پێنەدرێ هەر زوو دەبێتە نەخۆش کەوتن و بۆیە پێویستە لانیکەم حەوتوویەک جارێک شیر بخۆنەوە. هەروەها دەبێ هەموو شەوێک دەمامکەکانیان بگۆڕن، ئەوە لە کاتێک دایە کە حەوتوویەک جارێکیش دەمامکی نوێیان بۆ دابین ناکەن و زۆربەی ئەو کرێکارانەش بەشێوەی وەرزی لەسەر کارن و دوای ماوەیەک بێ هیچ ماف و بیمەی کارێ، بێکار دەکرێن.
خوێندکارانی زانکۆی پەیامنووری مەریوان رایانگەیاندوە، کە بەردەوام دەبن لەم چەشنە چالاکییە و داوایان لە شارەکانی دیکەی کوردستان کردووە کە پاڵشتییان لێبکەن بو دابینکردنی پێدوایستی و دانی سەرنجی زیاتر بە چینی زەحمەتکێشی شارەداری.
جێی ئاماژەیە پاش نمایشکردنی فیلمی “بێکەس” بە دەرهێنەری “کارزان قادر” لە ڕێکەوتی ۲۳ی سەرماوەز، لە زانکۆی پەیامنووری مەریوان و فرۆشی بلیت بۆ پاڵپشتی و دابینکردنی پێداویستیی پاکوانەکان، شەوی ۲٤ی سەرماوەز، ئەم پێداویستییانە لە لایەن خوێندکارانەوە لەسەر پاکوانەکانی مەریوان دابەشکرا.