گوند و ناوچەکانی نێوان شنۆ، نەغەدە و ورمێ، ئەمساڵ مەیدانی چالاکیی دڵسۆزان و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز بوون. لە درێژەی چالاکیی تەبلیغاتیی دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم ناوچانە، شەوی ٢٤ لە سەر ٢٥ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە دۆستان و لایەنگرانی حیزب لە ناوچەی ورمێ، لە گوندەکانی گوڵماوەران، سێکانیان، بەڕۆژو ڕەشگوند بە شیوەیەکی بەربڵاو کاری تەبلیغاتییان ئەنجام دا. لەم چالاکییە دا دروشم و تراکتی حیزبی کە تایبەت بوون بە ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگە، لە دیوار و تابڵۆی شوێنە گشتییەکان و تابڵۆکانی نێوان ڕێگاکان، نووسران و بڵاو کرانەوە.
هاوکات لە گەڵ نزیکبوونەوەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگە، لە ناوچەی لاجانی پیرانشاریش هۆگرانی هێزی پێشمەرگە و ئالای کوردستان بە دەنگ بانگەوازی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە چوون و لە ئاواییەکانی قەرەخدر، شێلم جاران، ڕکاوێ، کاسەکەران و ڕێگاوبانەکانی ئەو ناوچەیە، دروشمی تایبەت بەم بۆنەیان نووسی و تراکتی حیزبیان بڵاو کردەوە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ئەم چالاکیانەوە دەسخۆش و سوپاس بۆ دڵسۆزان و دۆستانی حیزب لەم ناوچانە دەنێرێ و چالاکیی زیاتر و سەرکەوتنیان بە ئاوات دەخوازێ.