دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی ڕەبەت، ئەمساڵیش چەندین چالاکییان لە نێو شاری ڕەبەتو گوندەکانو ڕێگاو بانەکانی ئەم ناوچەیە ئەنجام دا. لە درێژەی ئەو چالاکییانە دا، شەوی سێشەم لە سەر چوارشەمە ٢٣ لە سەر ٢٤ی سەرماوەز، بینای یادبوودی کوژراوانی ڕێژیم لە سەر ڕێگای بانە سەردەشتیان کرد بە ئامانجی چالاکییەکانی خۆیان. جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆ زیندوو راگرتنی یادی سەدان کوژراوی خۆی کە لە کاتی گرتنەوەی ڕێگای بانە سەردەشت لە نزیک “دارساوێن” بە دەست هێزی پێشمەرگە بە کوشتی دان، ئەم ساڵ لە وەرزی پاییز دا، لە شوێنێک بە ناوی ” دووبرالە” بینای یادبوودی بۆ دروست کردن. لە شوێنی قارەمانەتییەکانی هێزی پێشمەرگە و دەستوەشاندنیان لە هێزە پەلاماردەرەکانی کۆماری ئیسلامی، جگە لە بینایەک لە شێوەی گومبەزی ئیمام و ئیمامزادەکانی ساختی ئەو ڕێژیمە، چەندین تابڵۆی بەردینی گەورە بە دروشم و وتەکانی خامەنەیی، دانراون.
دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ بەرز ڕاگرتنی ناو و یادی هێزی پێشمەرگە و قارەمانەتییەکانیان، هەر وەها بۆ پێشوازی لە ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان، لە چالاکییەکی سەرکەوتوانە دا، هەڵیان کوتایە سەر بینای یادبوود و تابڵۆ بەردینەکانی “دوو برالە” و بە دروشمەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی دروشمی بژی هێزی پێشمەرگە، مۆرکی خۆیان لەم دامەزراوانە دا. کۆمیسیۆنی تەشکیلات بە بۆنەی ئەم چالاکییە دەستخۆشی لە دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و هۆگرانی ئاڵا و پێشمەرگە لە ناوچەی رەبەت دەکا. با زەوتکەرانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بزانن کە هەتا ئەوان لە سەر کوردکوشتن و سەرکوتی گەلی کورد بەردەوام بن، سام و هەیبەتی پێشمەرگە و تێکۆشانی دوژمن تۆقێنی دلسۆزان و پشتیوانانی هێزی پێشمەرگە، کۆتایی پێ نایە.