ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕایگهیاند، ژمارەی ڕۆژنامەوانی دەسـبهسهرکراو لە جیهاندا لە ساڵی ٢٠١٦ بە تایبەتی لە تورکیه بهرزبۆتهوه و لە سەرووی لیستەکە دایە.
ئهو ڕێکخراوە لە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی کە ڕۆژی سێشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاویکردۆتەوە، نووسیویەتی ژمارەی ڕۆژنامەوانان لە زیندانەکانی جیهان گەیشتووەتە ٣٤٨ ڕۆژنامەوان، لەوانە زیاتر لە ١٠٠ کەسیان لە زیندانەکانی تورکیهدان. ههروهها ئاماژە بۆ ئەوەش دەکا که ئەو بەرازبوونەوەیە لهچاو ساڵی ٢٠١٥ بە ڕێژەی ٦% زیادیکردوە.
بێجگە لە وڵاتانی جیهان، گرووپ و تاقمی جیاجیاش ڕۆژنامەوانیان دەسـبهسهرکردووە و هەندێـکیان وەکو بارمتە گرتوون، لەوانە داعش٢١ ڕۆژنامەوانی بردووە کە ١٠ کەسیان لە عێراق بوون، حوسیـیەکانی یەمەن ١٥ رۆژنامەنووس، بەرەی نوسرە و باڵەکانی تری قاعیدە ٣کەس و لایەنی نەزانراویش ١٣ ڕۆژنامەوانیان بردووە.
ڕاپـۆرتەکە ههروهها باس لەوەش دەکا کە لە ماوهی یهک ساڵی ڕابردوودا ٢١ ڕۆژنامەوانی ژن خراونەتە زیندانەوە کە دوو لەسەر سێـیان لە تورکیه بوون. له ساڵی ٢٠١٥ تەنیا٥ ڕۆژنامەوانی ژن لە زینداندا بوون.
کریستۆف دیلوار سکرتێری گشتی ئهو ڕێکخراوە دەڵێ تورکیه گەورەترین زیندانه بۆ پـیشەی ڕۆژنامەگەری له ئاستی جیهاندا. ناوبراو ههروهها دهڵێ، لە سایەی بێدەنگی ئورووپا، ڕێژیمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زۆربهی ڕاگهیهنه نهیارهکانی خۆی داخستووه.
بەڵام سەرەڕای ڕەخنەکانی ئەو ڕێکخراوە، تورکیهی لە پلەی ١٥١مین بۆ خراپی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە جیهاندا داناوە. ئهم لیستە له ١٨٠ وڵات پێکهاتووه و وڵاتی ئێریتره لە ڕیزبەندیی ١٨٠هەمین دایە و پاشان کۆرهی باکوور و تورکهمهنستان و سووریه لە پـلەی ١٧٧، ئێران ١٦٩ و عێراق لە١٥٨ دایە.
ئهو ڕێکخراوە هەروەها باسی لە ئێران، میسر و چین کرد کە ئەوانیش دوو لە سێی ئەو ٣٤٨ ڕۆژنامەوانەیان خستۆتە زیندانەوە.
بێجگە لە دەسـبهسهرکردن، ڕۆژنامەوانان تووشی ڕفاندن و کوشتنیش دهبنهوه. لە ماوەی ساڵی ٢٠١٦دا ٥٨ ڕۆژنامەوان لە ئاستی جیهاندا که ٨ کارمەندی دەزگای ڕاگەیاندن و ٩ چالاکوانی سەر ئنتەرنێت، لەوانە ١١ کەس لە سووریه و ٧کەس لە عێراق و رۆژنامەنووسێکیش لە تورکیه بوون، کوژراون.
له کۆتایی ڕاپۆرتهکهدا، ئهو ڕێکخراوە داوایکرد نوێنەرێـکی تایبەت بۆ کاروباری سڵامەتیی ڕۆژنامەوانان دابنرێ کە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەبێ.