چەمی سیروان لە پارێزگای کرماشان لە ئەوپەڕی سەرسووڕمانی خەڵک و، وەرزێڕانی ناوچەی کرماشان، بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو پارێزگایە، بەرەو دەشتی عەبباس لە پارێزگای خوزستان گوازرایەوه. بە پێی بابەتێکی بڵاوکراو لە هەواڵدەریی موکریان، گواستنەوەی ئاوی چۆمی سیروان لە پارێزگای کرماشان بەرەو پارێزگایەکی دیکە، لە کاتێکدایە کە دەشتی عەبباس لە ئەهواز بۆ خۆی خاوەنی سەرچاوەی ئاو و رووباری زورە و، پێویستی بە ئاوی سیروان نیە. هەروەها ساڵانیکە خەڵکی پارێزگای کرماشان بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کشتوکاڵی تێیدا دەکرێ چاوەڕێی ئەوە بوون کە بەرپرسانی پارێزگا لە هەوڵی ئەوەدا بن کە لە بەفێرۆچوونی ئاوی سیروان بەرگری بکەن. گەڵاڵەی راگرتنی ئاوی سیروان لە پارێزگای کرشامان و دابەشکردنی لە ناوچەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە بە مەبەستی گەشانەوەی وەرزێری و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ چەندین ساڵە هەر بە نووسراوە ماوەتەوە و نەچووتە بواری جێبەجێ کردنەوه.
بە داخەوە بە هۆی خۆجێیی نەبوونی بەشێکی زۆر لە کاربەدەستانی پارێزگای کرماشان و خەمساردییان لەو بارەوە دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانیی خەڵکی پارێزگای کرماشان، ئاوی چۆمی سیروان گوازرایەوە بەرەو دەشتی عەبباس و، وەرزێران و جووتیارانی کوردی کرماشانیش لە سەرچاوەو سامانی سروشتی دەڤەر و ژینگەی خۆیان بێ بەری کران