پێشمەرگە، ئەمڕۆ ناوێکی ئاشنا بۆ هەموو جیهانییان و هێزێکی متمانەپێکراو و تەژی و تەیار بە بیروباوەڕە کە وەک سیمبولی پاکی و سەداقەت و گەلویستی و خۆنەویستی و وڵات دۆستی، لە ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەییماندا خۆ دەنوێنێ و جێگە و پێگەی شیاوی خۆی هەیە و نەتەوەی کورد پێی پشت ئەستوورە. ئەو میداڵە بەهادار و پڕ بایەخە، حیزبی دێموکراتی کوردستان زیاتر لە ٧٠ ساڵ لەمەوپێش، داهێنەری ناوەکەی بووە. ناوی پیرۆزی پێشمهرگه بۆ هێزی چەکدار و بەرگریکاری کورد، ناوێکه که له سهردهمی کۆماری کوردستانهوه به بهژنو باڵای ئهو ڕۆڵه ئازاو گیان لەسەر دەستانەی گهلی کورد بڕاوه کە خۆبەخشانە لە ژیان و گیان و سەرو ماڵیان بۆ پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەیی و وەدیهێنانی ویست و داخوازییە رەواکانی گەلەکەیان مایەیان داناوە و هیچ کۆسپێک و لەمپەرێک نەیتوانیوە کاریگەری لەسەریان هەبێ و بە چۆکیاندا بێنێ و توانا و ئیرادەیان لێ بستێنێتەوە. دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیی مەهاباد وەک دواپێگەی رژیمی ڕەزا شاە لە ناوچەی موکریان لە ساڵی ١٣٢٣ی هەتاوی و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ کە لە رێوڕەسمێکی بەشکۆ و بە بەشدارای هەزاران کەس بەرێوە چوو، دوو رووداوی مێژوویی لەبیر نەکراون کە تا هەتایە بە زیندوویی دەمێننەوە. ٣٢ ساڵ لهومەوبەر، حیزبی دێموکراتی کوردستان، بۆ رێزگرتن له ئازایهتی و فیداکاری و قارەمانەتی و خۆنەویستیی هێزی پێشمهرگه، بۆ رێزگرتن لە شەونخونی و قوربانیدان و نەسرەوتوویی ئەو کچ و کوڕ و ژن و پیاوە وڵاتپارێزانەی کە مردن لە پێناو نەتەوەکەیاندا پێ ژیانە، بڕیاری دا ناوی پێشمهرگه و بیرەوەریی بۆ یەکەم جاری هەڵکردنی ئاڵا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پێکهوه گرێ بدات و ڕۆژی ههڵکردنی ئاڵای بە ڕۆژی پێشمهرگهی کوردستان ناودێر بکات کە هەردووکیان لە بەرهەم و دەستکەوتەکان و شانازییەکانی کۆماری کوردستانن. وەڕێخستنی خەباتی چەکدارانەی ساڵانی ٤٦-٤٧ی هەتاویی رۆژهەڵاتی کوردستان و شڵەقاندنی جەزیرە ئارامەکەی حەمەڕەزا شای پەهلەوی و زیاتر لە ٣٥ ساڵ خەبات و بەرەبەرەکانێ دەگەڵ نیزامی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی و خوڵقاندنی سەدان حەماسە، هەر لە ئیلام و کرماشانەوە بگرە هەتا سنە و مهاباد و ورمێ و قوتوور، هەروەها شەکاوە ڕاگرتنی ئاڵای خەبات و پاراستنی پێناس و هووییەتی نەتەوەیی، ئەو کارنامە زێڕینەی هێزی پێشمەرگەن لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە تۆماری مێژوو کراون و حاشایان لێ ناکرێ. کۆماری ئیسلامی ساڵانێکی دوورودرێژە لە رێگای پڕوپاگەندە درۆینەکانی و تەرخانکردنی توانا ماددی و مەعنەوییەکانی، بە هەموو هێزی خۆیەوە لە هەوڵی ئەوەدایە ناوی پێشمهرگه خەوشدار بکات و لە پێگە و جێگە و خۆشەویستیی ئەو هێزە لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا کەم بکاتەوە، کەچی دەگەڵ ئەوەیدا ئەو هەوڵانەی قەت سەریان نەگرتووە و بچکووکترین کاریگەرییان نەبووە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هاوکاری و پێشوازی خەڵکی کوردستان لە هێزی پێشمەرگە رۆژ دەگەڵ رۆژ گەرموگوڕتر و زیاتر و زیاتر دەبێت و جەولە و بوونی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە قوڵایی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەڵگەی ئەو راستییەن. سەرەڕای ئەمە، ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش سەرەڕای پاراستن و بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان، وەک هێزێکی نێودەوڵەتی و پۆشتە و پەرداخ، شانبەشانی زلهێزەکانی جیهان شەڕی دژەتیرۆر و کۆنەپەرەستی دەکات و لەناو کایە سیاسییەکاندا، سەرێکە لەنێو سەران و پشتی پێ دەبەسترێ و بوون و توانا و لێهاتوویی و مرۆڤدۆستی خۆی سەلماندووە و لە پێناو بایەخە مرۆڤایەتییەکاندا خوێن دەبەخشێ!