سزای ١٤٤ مانگ زیندان بۆ ١٢ کەس لە سەردەشت کە لە لایان دادگای سەرەتاییەوە بەسەریانیادا سەپاوە، لە دادگای پێداچوونەوەشدا وەک خۆی ماوەتەوە.
ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە ١٢ کەسی خەڵکی سەردەشت کە لە پێوەندی لەگەڵ روودوای هوتیل تارای مەهاباددا نارەزایەتییان دەربڕیبوو، دوای دەسبەسەرکرانیان بە بڕیاری دادگا سزای ١٤٤مانگ زیندان و “دیە”ی نەغدییان بەسەردا سەپا.
“سەفا حسەنپوور، ئامانج شێخەپوور، سەردار ئیسمائیلی، فەرهاد شێخانی، کامیل ڕەسووڵپوور، ڕامین حەسەنزادە، سوهەیلا زۆبەیری، محەممەد قادریان، سامڕەند ئەحمەدزادە، سامان مەلکاری، حوسێن پەری ئاقایی وهێمن جەنەتیار” ئەو دوازدە کەسەی خەڵکی سەردەشتن کە لەو پەروەندەیەدا بە زیندان و پێدانی “دیە” مەحکووم کراون.
ئەوان تۆمەتی بەشداری لە تێکدان و شێواندنی ئەمەنیەتی شار و سەرپێچیکردن لە بڕیاری هیزە ئینتیزامییەکانیان بەسەردا ساغ کراوەتەوەو، هەر کام لەوان بە ساڵێک زیندان پێدانی “دیە” سزا دراون.
شایانی باسە ئەم ١٢ کەسە دوای رووداوی هوتێل تارای مەهاباد کە بەدوای مەرگی گوماناویی “فەریناز خۆسرەوانی” هاتە پێشێ و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەند کەس لە مەهاباد، لە شاری سەردەشت نارەزایەتییان دەربڕی کە دواتر لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.