پاش نیوه‌رۆی رۆژی ١١/١٢/٢٠١٦ ( ٢١ سه‌رماوه‌زی ١٣٩٥) هه‌یئه‌تێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو له به‌رێزان؛ مسته‌فا مه‌ولودی، جێگری سکرتێری حیزب و که‌ریم مهدوی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی دەفتەری پیوەندییەکانی حیزب لە شاری سلێمانی، له کۆنفرانسی حیزبە سۆسیالیستەکانی ئورووپا کە به میوانداری یه‌کتیی نیشتیمانی رێکخرابوو به‌شداریی کرد.
لە پەروایزی ئەم کۆنفڕانسەدا هه‌یئه‌تی حیزب له‌گه‌ڵ کۆمەڵێک لە هه‌یئه‌ت و نوێنه‌رانی حیزب و سازمان و کهسایهتیەکانی بەشداری کۆنفڕانسەکە دیدار و چاوپێکه‌وتنیان کرد‌و لە پیوەندی لە گەڵ ئاڵۆگۆڕەکانی ناوچەو رۆڵی نامەسئولانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم رووداوانەدا، هەڵوێست و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان خستەروو.
هەر لەم کۆنفڕانسەدا دوای ئەوەی دەرکەوت کە دەرەتانی بەشداری لە باسەکاندا بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەدراوە، هەئیەتیی حیزب پەیامێکی بە دوو زمانی کوردی و ئینگلیزی لە نێو بەشدارانی کۆنفڕانسەکەدا بڵاو کردەوە.
لەم پەیامەدا باس لە خوێندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ دیاردەی تێرۆر‌و توندوتیژی و هەروەها رۆڵی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەرەپێدان بە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و سیاسەتی تیرۆریستانەی ئەم رێژیمە بەرانبەر بە ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی کرابوو.
فەرموون لە گەڵ دەقی پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کۆنفڕانسی حیزبە سۆسیالیستەکانی ئورووپا لە سلێمانی:
***
دۆستانی به‌رێزی به‌شدار له کۆنفرانسی هاوهه‌ڵوێستی و هاوسه‌نگه‌ری له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستان و عیراق له دژی تیرۆر!
هه‌مووان ده‌زانین که”تیرۆر” و” توندوتیژی” خاوەنی مێژوویه‌کی کۆن و لە مێژینەن و له‌گه‌ڵ مێژووی ململانێ و هەوڵدان بۆ خۆداسەپاندن و سڕینەوەی ئەویتر هاوسەردەمن. ئه‌و دەوڵەت و لایەن و گرووپانه‌ی تیرۆر و تۆقاندیان کردۆته که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ گه‌یشتن به ئامانج و مه‌به‌ستە تایبه‌تییەکانی خۆیان، زەرەروزیانێکی قورس و گرانیان بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گەیاندووە کە قەرەبووکردنەوەیان هەروا ئاسان نابێ. هەرچەند هه‌وڵ و تێکۆشان بۆ کەمکردنەوەو سنووردار کردن و، لە کۆتاییدا بنبڕکردنی تیرۆر و توندوتیژی، هه‌ر له ئارادا بووه و ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و مۆته‌که‌یه نه‌بڕاوه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگای جیهانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ کردووه.
حیزبی دێموکراتی کوردستان که خۆی قوربانی تیرۆره‌و له رێگای تیرۆر و رهشهکوژییەوه زیانی زۆر گه‌وره‌ی بهرکهوتووەو لەم پێوەندییەدا دوو رێبەر، شەهیدان؛ دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و به‌دەیان کادر و پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامی به هۆی پیلانی تێرۆرستییەوە له ده‌ست داوه، بە دڕیژایی زیاتر لە حەوت دەیە خەبات و تێکۆشانی دژی توندوتیژی و کردەوەو رێکاری تێرۆریستانە بووە. حیزبی ئێمە له هه‌ر شوێنێک و بە هەر ئامانجێک، کرده‌وه‌یه‌کی تیرۆریستی کرابێ ئیدانه‌ی کردووەو، ئەم کردەوە دژە ئینسانیەی به هه‌موو شکڵ و شێوهیهکانیهوه ڕه‌ت کردۆتەوەو رەد دەکاتەوە.
شەهیدی رێبەرمان دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو وێرای ئه‌وه‌ی به‌داخ بوو لەوەیکە، “کرده‌وه تیرۆریسته‌کان زیاتر سه‌رنجی بیروڕای گشتی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاده‌کێشی”، هه‌ر چه‌شنه کرده‌وه‌یه‌کی تیرۆریستیی مه‌حکووم ده‌کرد. به‌ڕاشکاوی ده‌یگوت؛ “ته‌یاره ڕفاندن، بۆمب دانانه‌وه و بارمته‌گرتن هه‌ر چه‌ند ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆریان هه‌بێ، به‌ڵام له لایه‌ن حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه مه‌حکوومه.”
حیزبی ئێمە لە گەڵ ئەوەیکە ناچار بووە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و داخوازە رەواکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە گەڵ دوو دەسەڵاتی سەرکوتکەر بکەوێتە بەربەرەکانێیەکی خوێناویی نابەرانبەرەوە، لەبەرانبەردا بۆ گه‌یشتن به ئامانجە رەواکانی، هه‌موو وه‌سیله‌یه‌ک و هه‌موو تاکتێکیکی به‌ره‌وا نەزانیوەو، پێی وایە به‌کارهێنانی تاکتیک و وه‌سیله‌ی ناڕه‌وای وه‌ک “تیرۆر”، بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەکەی له ئامانجی ئینسانی و دێموکراتیکهکانەی دوور ده‌کاته‌وه.
ئێمه له کاتێک دا له‌و کۆنفرانسه‌دا قسه له‌سه‌ر یەکخستنی هێزەکان بەرانبەر بە تێرۆر دەکەین، که به‌داخه‌وه تیرۆریزم گه‌وره‌ترین هه‌ره‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی جیهانی و گیانی ئینسانه‌کان، حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی وایه ئه‌وه‌نده‌ی هێزه تیرۆریسته‌کان مه‌ترسیدار و بهبهرنامهن، وڵاتان و هێزه‌کانی دژبەری تێرۆر، پلان وسیاسەتێکی روون و شێڵگیرانهیان بۆ به‌ربه‌ره‌کانی له گەڵ تیرۆریزمدا نیه!.
ڕادیکاڵیزمی مه‌زه‌هه‌بی که هه‌وێنی تیرۆریزمی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه، یه‌که‌م بڵێسه‌کانی له رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه هه‌ستاون و یه‌که‌م قوربانییه‌کانیشی ئازادیخوازانی ئێرانی و به‌تایبه‌ت تێکۆشه‌رانی کورد بوون.
ئێستا که به‌داخه‌وه تیرۆر به چڕی ئەم ناوچه‌یه‌شی گرتووته‌وه، ئه‌گه‌ر به جیددی و به‌کرده‌وه، پێش بهدهستێوهردانەکانی حکومه‌تی ئێران لە ئاڵۆزی و پشێوەییەکاندا نه‌گیردرێ، نەتەنیا بەشێکی هەرە ئەساسی ئەم قەیرانانە چارەسەر ناکرێن، بەڵکوو جیاوازیی پێکهاته ئایینی و نەتەوەییەکانی وڵاتانی ناوچەکە کە ئێران بە پیلانگێڕی هەوڵی مودیرییەتکردنیان دەدا، زیاتر لە جاران بەرانبەر بە یەکتر رادەوەستن که چاره‌سه‌رکردنیان ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین مه‌حاڵه، لانیکه‌م له‌کورت ماوه‌دا زۆر بهزحمهته.
ئه‌گه‌ر به روونی بێینه سه‌ر عیراق و هه‌رێمی کوردستان، له به‌ر هه‌ل و مه‌رجی قورسی سیاسی له ئێران، تێکۆشه‌رانی دێموکرات و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ناچار کراون، ژینگەی کار‌و تێکۆشانی سیاسی خۆیان جێبهێڵن و پەڕیوەی عێراق و هەرێمی باشووری کوردستان بن. له‌و وڵات و هەرێمەیش وه‌ک زۆر وڵاتی ئورپایی به ئاسانی ده‌ستی ره‌شی تیرۆر ده‌گه‌یشته تێکۆشه‌رانی سیاسیی کورد‌و ئێرانی و ده‌یانیان لێ تیرۆر کراوه و، هه‌موو شوێنیکی ئه‌و وڵاته‌یان لێ نائه‌من کرا. هه‌ر بۆیه حیزبی دێموکراتی کوردستان بەردەوام به هه‌ستیاری زۆرتره‌وه له کرده‌وه‌ی تێرۆریستیی له‌م وڵاته روانیوه.
کاتی خۆی کە داعش رووی کردە عێراق و ترس و تۆقاندنیان په‌ره پێدا، حیزبی ئێمە هاتە سه‌رخه‌ت و له ڕاگه‌یاندراوێکدا له ٥ی ئووتی ٢٠١٤ ، ئه‌و کرده‌وانه‌ی به توندی ئیدانه کرد. ته‌نانه‌ت دوای هێرشی داعش بۆ پارێزگای نه‌ینه‌وا و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی شاری موسڵ و په‌لامار بۆ سه‌ر کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه له هه‌رێمی کوردستان، حیزبی دێموکرات سه‌ره‌ڕای ئیدانه کردنی ئه‌و دەستدرێژیانە، ڕایگه‌یاند کە؛ “بۆ پاراستنی ده‌سته‌که‌وته‌کانی هه‌رێمی کوردستان و خه‌بات به دژی تیرۆریزم، ئاماده‌یه هێزی پێشمه‌رگه‌ی به چه‌ک و ئیمکاناتی خۆیی بۆ یاریده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هەرێم بنێرێ و شان به شانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان، دیفاع له خاکی کوردستان و ده‌ستکه‌وت و ئه‌زموونی ئەم هەرێمە بکا.”
هەر ئەو کات ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگەیاند کە؛ “هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر به تیرۆر و تیرۆریزم بۆ هه‌موو لایەک ئاشکرا و هه‌ر له‌و کاته‌دا نه‌گۆڕه. ئێمه گه‌وره‌ترین زه‌بر و زهره و زیانمان له تیرۆر و تیرۆریزم به‌رکه‌وتووه. هه‌ر بۆیه تیرۆر له هه‌ر کوێ و له هه‌ر کاتێک دا و به‌ده‌ستی هه‌ر که‌س و دژی هه‌ر که‌س بێ، به‌کرده‌وه‌یه‌کی دژی ئینسانی ده‌زانین و مه‌حکوومی ده‌که‌ین. به شێوه‌یه‌کی روونتر شهر فرۆشتنی تاقمی تیرۆریستی داعش و ده‌ستدرێژی و په‌لاماریان بۆ سه‌ر ناوچه کوردستانییه‌کان به‌توندی مه‌حکووم ده‌که‌ین.”
هەر ئەو کاتیش وێڕای داخوازیمان لە هێزه نیشتمانییه‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان کە پێکه‌وه و به‌پێی به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه به‌گژ نه‌خشه‌و پیلانی ئاژاوه گێرانهکانی ئه‌و گرووپه دژی ئینسانییه دا بچنه‌وه، ده‌ستخۆشیمان لەحکومهتی هه‌رێمی کوردستان سەبارەت بە داڵده‌دان و حاوانه‌وه‌ی ئاواره‌کانی شەڕ کرد‌و، لە هەمان کاتدا دڵگرانیی خۆمان بە بێ موبالاتی حکومه‌تی ناوه‌ندیی عیراق به نیسبه‌ت خه‌ڵکی ئاواره‌ی عیراق له هه‌رێمی کوردستان دەربڕی.
له کۆتایی دا ئێمه لامان وایه ئێستا که تیرۆر و تیرۆریزم بۆته دیاره‌ده‌یه‌کی جیهانی و، ئاسایش و سەقامگیریی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی تووشی مه‌ترسی جیددی کردووه، له‌سه‌ر هێز و وڵاتانی به‌ره‌ی دژه تیرۆره که تیرۆریزم له ته‌واوه‌تی خۆی و له‌هه‌ر شکڵ و شێوه‌یه‌ک دا مه‌حکووم بکه‌ن و بە جیددی له به‌رامبه‌ریدا ڕابوه‌ستن. بۆ ئەم جدییەتەیش ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان لەوباوەڕەداین کە گوشارخستنە سەر رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرتەسکردنەوەی ئەم رێژیمە لە دەستێوەردان و پشتیوانیی لە تاقم و گرووپە توندرەوە مەزهەبییەکان پێویستە. له هه‌رێمی باشووری کوردستانیش پێویسته هێزەکانی دژە تیرۆر و پێشمه‌رگه‌ی کوردستان زیاتر پۆشته پڕچه‌کتر بکرێن تا باشتر و ئاسانتر بتوانن بەرەنگاری تیرۆر و تیرۆریزم ببنەوە. ئه‌و کاته لانی که‌م له‌و ناوچه‌یه تیرۆریزم پێشی پێ ده‌گیرێ و کۆنترۆڵ ده‌کرێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
٢١ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی