ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی پاژین”ی شارە بانە لە درێژەی کار وچالاکییەکانیدا، لە قوتابخانەکانی ئەو شارە وانەی ژینگەپارێزی دەڵێنەوە.
بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی ژینگەوان، ئەنجومەنی ژینگەپارێزی پاژین لە شاری بانە بە مەبەستی ڕاهێنان و وریاکردنەوەی منداڵان سەبارەت بە گرینگی و بایەخی ژینگە ، سەردانی قوتابخانەکانیان کرد.
ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ۲۱ی سەرماوزی ۲۷۱٦ی کوردی دەستەیەک لە ئەندامانی پاژین سەردانی قوتابخانەی “نمەکی” شاری بانەیان کرد، کە لەلایەن بەڕێوەبەران و مامۆستایان و قوتابیانی ئەو قوتابخانەیە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.
لەو سەردانەدا ڕەحمان سلێمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پاژین بۆ قوتابیان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد، سلێمانی باسی لە خۆشەویستی بۆ ژینگە و پاراستنی ژینگەی بۆ قوتابیان کرد، ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە قوتابیان و منداڵانی ئێستا ژینگەپارێزانی داهاتوون، کە ئەبێ لە هەمبەر ژینگەی نیشتمانەکەیان خۆیان بە بەرپرس بزانن تا نەهێڵن خەسار وە جەستەی ژینگە و نیشتمانەکەمان بکەوێ.
ئەنجۆمەنی ژینگەپارێزانی پاژین لە ماوەی رابردوودا چەند جارێکیتر بە مەبەستی وتنەوەی وانەی تایبەت بە ژینگە و گرنگی ژینگەی کوردستان سەردانی قوتابخانەکانی ناوچەی بانەی کردوە.
شایانی باسە ئاگادارکردنەوە و زانیاری بەخشین بە خەڵک و بەتایبەتی منداڵان و مێرمنداڵان لە سەر گرینگی پرسی ژینگە وپاراستنی ژینگە بەشێکی بەرچاو لە کار و چالاکییەکانی ئەنجومەنە ژینگەپارێزەکانی کوردستانە کە ئەو کارەش شوێندانەری خۆی هەبووەو چیتر خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە ژینگەی خۆیان خەمسارد نین، بەڵکوو لە هاتنە ئارای هەر ئەگەرێک وەک ئاگرکەوتنەوە لە ژینگە یان بانگەوازی خاوێن کردنەوەی سروشت ، خەڵکی کوردستان لە هەموو چین وتوێژێک بەشداریی تێدا دەکەن.