گەڵاڵەی سەیرانگا و شوێنی گەشتیاریی “ئاربابا لەند”ی شاری بانە کە بە بەشداری سەرمایەگوزاری کەرتی تایبەت بڕیار بوو لە زووترین کاتدا بە ئەنجام بگات بە هۆی رێگری کردن و لەمپەڕ سازکردنی چەند کەس لە بەرپرسانی شاری بانە بە نێوەچڵی ماوەتەوە. ئەو پرۆژە گەشتیارییە لە بناری شاخی ئاربابا بە مەبەستی گەشانەوەی ئەوشارەو بەرهەمهێنانی هەلی کار هاتووتە ئاراوە.
بە پێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان گەڵاڵەی “ئاربابا لەند” کە بەباشی بەڕێوەدەچوو، بە هۆی پێکسازانی چەند کەس و دەستێوەردانی یەک دووکەس لە ئەندامانی شوورای شاری بانە نەگەیشتووتە ئەنجام و بە نیوەچڵی ماوەتەوە.
زانیارییەکان لەم بارەوە باس لە گەندەڵیی ٢٠٠میلیونی دەکەن کە یەکێکە لە هۆکارەکانی شکست هێنانی پرۆژەی گەشتیاریی ئاربابالەند. بە وتەی سەرچاوە نێوخۆییەکان ئەم ڕاگرتنە و پێشگرتنە لە وەها گەڵاڵەیەکی ئاوەدان کەرەوە بۆ سیاسەتی لایەنی پێوەندیدار دەگەرێتەوە کە نایهەوێ شارەکانی کوردستان بە تایبەتی شارە سنوورییەکان ئاوەدانی و پێشکەوتن بەخۆیانەوە ببینن .
رێگریی کردن لە سەرمایەگوزاری دەرەکی و لەمپەڕ سازکردنی دامودەزگا پێوەندیدارەکان بۆتە هۆکارێک بۆ هەژارمانەوەی شارەکانی کوردستان و گەشە نەکردنی ئەوشارە سنورییەکان.
ئەم ڕاگرتن و گەندەڵی ماڵی”یەی بەرپرسانی پێوەندیدار کە بۆتە هۆکاری بەنیوەچڵ مانەوەی دوو گەڵاڵەی هەرگرینگی “ئاربابالەند” و زاینگەی نوێ’ لە شاری بانە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا نارەزایەتی خەڵک بە تایبەتی چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتیی لێکەتووتەوە.