نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیسی شوورای ئیسلامی ڕایگەیاند؛ وادەوبەڵێنەکانی دەوڵەتی یازدەیەم سەبارەت بە پارێزگای سنە تاکوو ئێستا جێبەجێی نەکراون و داوکارین کە دەوڵەتی حەسەن رۆحانی لە دەرفەتێک کە ماوە بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی هەوڵی زیاتر بدا
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی موکریان موحسین بیگلەری لە دانیشتنی هاوبەش لە نێوان مەلایانی سوننی مەزەهەب لەگەڵ حەسەن روحانی وتی: بێ گومان بەشێکی زۆر لە دەنگەکانی سەرۆک کۆمار هی ناوچەکانی کوردستان و خەڵکی سوننی مەزهەبی ئەوناوچە بوو. ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ بەیاننامە دە خاڵییەکەی سەرۆککۆمار کە لە بەربەری هەڵبژاردن ڕایگەیاندبوو، لە دەوڵەتی ئەودا گرینگی وبایەخی زیاتر بە پرسی نەتەوەیی و کەمە ئاینییەکان دەدرێ و نیگای ئەمنیەتی لە سەر کوردستان لادەچێ، بەلام تا ئێستا لەم بارەوە هیچ هەوڵی جیددی نەدراوە..
نوێنەری شارەکانی سەقزو بانە لە دریژەی قسەکانیدا روونی کردوەو: کێشە وگرفتەکانی کوردستان و کەڵک وەرنەگرتن لە بژاردەکانی کورد لە کابینەی دەوڵەت لە کاتێکدایە ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد هەر لەیەکەم ساڵی هاتنە سەرکاری دەوڵەتی یازدەیەم بە کردەوە ئەو وادە وبەڵێنانە بچێتە بواری جێبەجێی کردنەوە.
ناوبراو هەورەها وتی: لە ئاستی دابینکردنی مووچە بۆ گەشەی پارێزگەی سنە، گرینگی بەم پارێزگایە نەدراوەو هەلومەرجی ئەو پارێزگایە لە باری رێگەوبانەوە وەکوو ساڵانی پێشوو ماوەتەوە و رێژەی قوربانیانی رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای سنە لە زیادبوون دایە. هەروەها لە بەشی هێڵی ئاسن ،پارێزگای سنە هیچی وەبەرنەکەوتووەو، فرۆکەخانەی سەقزیش پێویستی بە گرینگی دان و تەرخان کردنی مووچەی تایبەتە.
بیگلەری نوینەری شارەکانی سەقزو بانە لە درێژەی قسەکانیدا کێشەو گرفتی بوارەکانی دیکەی لە شارەکانی پارێزگای سنە بەتایبەتی لە بواری زانکۆکان، رێگەوبان، نەخۆشخانەکان و هەروەها هەبوونی هەڵاواردن و دووچاوەکی بە نیسبەت پارێزگای سنە لە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران بە وردی خستە بەرباس.