بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو لە ناوچەی نەغەدە، دایە پیرۆز خەڵکی “حەڵبێ”، دایکی پێشمەرگەی شەهیدی حیزبی دیموکرات، عەبدوڵڵا کوهستانی، ڕۆژی شەمە ٢٠ی سەرماوەز، لە شاری نەغەدە کۆچیدوایی کرد.
عەبدوڵلا کوهێستانی، لەو لاوانە بوو کە لە گەڵ دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکرات و، هەر لە ساڵی ١٣٥٨ەوە بوو بە پێشمەرگە و، لە هێزی ئەفشین دەستی بە تێکۆشان و خزمەتی پێشمەرگایەتیی کرد.
هاوینی ساڵی 1360 لە گوندی “قایەر”ی ناوچەی مەرگەوەڕ لە شەڕ لە گەڵ پەلاماردەرانی سەر بە کۆماری ئیسلامیدا، گیانی لە دەستدا و، چووە ڕێزی کاروانی شەهیدان. دایە پیرۆز لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا بە ڕێگا و ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە، هەمیشە باوەشی بۆ هاوسەنگەڕانی کوڕە شەهیدەکەی ئاوەڵا بوو و لە پشتیوانی کردن و هاندانیان بۆ تێکۆشان غافڵ نەبوو.
کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەمالەی خورشید شکاک و هەموو کەسوکاری دایە پیرۆز و هەر وەها سەرجەم خەڵکی گوندی حەڵبێ و ناوچەی سندووس دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.