به‌دوای بارودۆخی قه‌یرانی مرۆیی له شاری حه‌له‌ب، یه‌كیه‌تیی ئورووپا ڕایگه‌یاند كه گه‌مارۆ ده‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌م وڵاتانه‌ی كه پشتیوانی له ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن.
فێدریكا موگێرینی، به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كیه‌تیی ئورووپا، به ده‌ركردنی به‌یاننامه‌یه پێداگریی كرده‌وه كه یه‌كیه‌تیی ئورووپا، گه‌مارۆ ده‌خاته‌سه‌ر ئەو كه‌س، لایه‌ن و دامه‌زراوه و ته‌نانه‌ت ئەو وڵاتانه‌ش كه پشتیوانی له سیاسه‌تی سه‌ركوتی ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن.
هه‌ڕه‌شه‌ی یه‌كیه‌تیی ئورووپا بۆ سه‌ر ئەو وڵاتانه له حاڵێكدابوو كه نێردراوی تایبه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشتر سه‌باره‌ت به پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و چاره‌نووسی ناله‌باری خه‌ڵكی حه‌له‌ب هۆشداریی دابوو.
جۆن كێری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئامریكاش له پاریس ڕایگه‌یاندبوو كاربه‌ده‌ستانی ئا‌مریكا و ڕووسیه بۆ وتووێژ له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بارودۆخی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له حه‌له‌ب و ڕزگاركردنیان له ژنێڤ كۆبوونه‌وه.
قه‌راره كاربه‌ده‌ستانی ئا‌مریكا و ڕووسیه سه‌باره‌ت به پاراستنی گیانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی شه‌ڕ قسه بكه‌ن.
ئێستیفان دیمێستورا، نوێنه‌ری تایبه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له كاروباری سووریه گوتبووی ڕێكه‌وتنی نێوان ڕووسی و ئا‌مریكا له‌هه‌مبه‌ر ڕزگاركردنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له ناوچه‌كانی شه‌ڕ ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی ده‌بێ.
پاش چڕبوونه‌وه‌ی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان له نێوخۆی سووریه و به تایبه‌ت له حه‌له‌ب، هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئه‌سه‌د زیاتر له پیشڕه‌وی دان و زۆربه‌ی ناوچه و گه‌ڕه‌كه‌كانی ئەو شاره‌یان ئازاد كردووه.