لە دەسپێکی کێشەو ئاڵۆزییەکانی وڵاتی سووریە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاشکاوانە لە کاروباری ئەو وڵاتەو بەڵاڕیدا بردنی شۆرشی خەڵکی سووریە دەستێوەردانی کرد و بوو بە پاڵپشتی قورس و قایمی دەوڵەتی بەشار ئەسەد.
لەو پێوەندیەشدا سپای پاسداران بە ناردنی پاسدار و فەرماندەکان بەکردەوە بوو بە هۆکاری شەڕ و کاولاش کردنی وڵاتی سووریەو کوژرانی هەزاران کەس لە خەڵکی بێتاوانی ئەو وڵاتە.
لە تازەترین لێدوانی یەک لە دەمڕاستەکانی رێژیم باس لە ئامادەبوونی یەک میلیون لاو و مێرمنداڵ دەکا بۆ بەشداریی پێکردنیان لە شەڕی سووریە و عێراق.
حەسەن بەیگی، جێگری بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئاسایش لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی، رۆژی ٢٠ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ” پتر لە یەک میلیون لاو و تازە لاو، لە نۆرەدان بۆ بەشداریی کردن لە بەرەکانی شەڕ لە سووریە و عێراق”.
ئەوە لە کاتێکدایە تاکوو ئێستا لەلایەن زۆر رێکخراوی نێونەتەوەییەوە، کۆماری ئیسلامییان بە هۆکاری ئاڵۆزی و کێشەنانەوە لە سووریە ناساندوەو خوازیاری ئەوەن کە پێشی لێبگیردرێ. هاوکات لە گەڵ ئەو لێدوانە و باس کردن لە تەیارکردنی زیاتر لە یەک میلیون لاو بۆ شەڕ لە سووریە، حەسەن بەیگی، نوێنەری مەجلیسی شووڕای ئیسلامی لە قسەیەکی دیکە و دژ بە قسەکانی دیکەی وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریە و عێراق، تەنیا ئەرکی ڕاوێژکاریی و ڕاهێنانی نیزامی” بەڕێوە دەبا.
ئەوە لەکاتێکدایە کە تاکوو ئێستا سەدان فەرماندەو و هەزاران پاسداری سەربە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەڕی سووریە و عێراق کوژراون.