کات تیژ تێپه‌ڕی، به‌ڵام برینه‌کان هێشتا قه‌تماغه‌یان نه‌داوه، ئه‌و زامانه ئه‌گه‌رچی هێشتا ساریژ نه‌بوون، که‌چی قوربانیانی ئه‌و ڕووداوه سامناکه ئێستاش ده‌ستی هیوایان به‌رنه‌داوه.
چوار ساڵ له‌وه‌پێش له 15ی سه‌رماوه‌زدا سۆبه‌ی نه‌وتیی پۆلێکی قوتابخانه‌ی شیناوێی پیراشار ئاگری تیبهربوو. له‌و رووداوه‌دا ئه‌و پۆله سووتا و، ٢٨ قوتابیی کچی ته‌مه‌ن ٩ ساڵی پۆله‌که‌ش هه‌ڵپڕووزان. “سارینا رهسوڵزاده”و “سه‌یران یه‌گانه”؛ دوو له‌و قوتابییانه به‌هۆی سه‌ختیی برینه‌کانیان گیانیان له ده‌ست دا و، ئه‌وانی دیکه مانه‌وه به جه‌سته‌ی سووتاو، به له‌شی زامار و برینی به‌ژانی هه‌ڵپڕووزاو.
ئه‌وان ئێستاش به‌هیوای سارێژبوونه‌وه‌ی برینه‌کانیان و، وه‌دیهاتنی ئه‌و واده و به‌ڵێنانه‌ن که چوار ساڵه ده‌یاندرێتێ.
هه‌واڵه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن که دوای چوار ساڵ له‌و ڕووداوه، ئێستاش بیمه دییه‌ی ته‌واوی گیانله‌ده‌ستدانی سارینا رهسوڵزاده و سه‌یران یهگانهی به بنه‌ماڵه‌کانیان نه‌داوه.
حوسێن ئهحمهدینیاز، پارێزه‌ری به‌شێک له کچه سووتاوه‌کانی شیناوا ده‌ڵێ که سه‌ره‌ڕای به‌دواداچوونی به‌رده‌وامی ئه‌و و بنه‌ماڵه‌ی سارینا رهسوڵزاده و سه‌یران یه‌گانه، به‌ڵام سندووقی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زیان و بیمه‌ی ئێران تا ئێستاش خۆی له پێدانی دییه‌ی ئه‌و دوو منداڵه به بنه‌ماڵه‌کانیان نه‌داوه.
پۆله سووتاوه‌که‌ی قوتابخانه‌ی شیناوا ٢٨ که‌س بوون که دووانیان سووتان و مردن، له‌و ٢٦ که‌سه‌ی دیکه ١٨ که‌سیشیان به وه‌رگرتنی نیوه‌ی دییه‌که‌یان قایل بوون.
چالاکانی مه‌ده‌نی ده‌ڵێن ئەگەرچی تا ئێستاش لە ماڵپەڕەکانی سەربە ئێران ده‌گوترێ کە دەوڵەت پوڵی بۆ ئەو منداڵانە پاشەکەوت کردووەو هەموو ساڵێکیش لە ساڵڕۆژی ئەو رڕووداوەدا باس لە پێدانی پووڵ و کرانەوەی شومارەی حسابی بانکی بۆ ئەوان دەکرێ، بەڵام بەڵێنیی سەرەکی کە ناردنی ئەو کچانە بۆ دەرەوەی وڵات به مه‌به‌ستی چارەسەری برینه‌کانیان بوو، هێشتا جێبەجێ نەکراوە. هه‌روه‌ها کێشه‌ی بیمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و بنه‌ماڵانه له قازانجی ئه‌و کچانه یه‌کلا نه‌بۆته‌وه.
محەممەد شادکام، باوکی یەکێک لەو کچانه پێشتر گوتبووی که تا ئێستاش بە پێی زەمەنبەندییه دیاریکراوەکان، دەرمانی ئەو قوتابییانە بەرەو پێش نه‌چووه‌و ماوەیەکە رەوتی دەرمانو چاره‌سه‌ری ئەو کچانە پەکی کەوتووەو کارە پێویستەکانیان بۆ جێبەجێ ناکه‌ن.
ئه‌و ده‌ڵێ دەوڵەت بەڵێنی دابوو کە ئەو منداڵانە بۆ چارەسەری‌و نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاری له‌سه‌ر روخساره شێواوه‌کانیان بنێرێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام تا ئێستاش ئەو بەڵینەی نه‌بردۆته سهرێو کات له به‌رژه‌وندیی ئه‌و کچانه ناچێته پێشێ.
راگیرانی پڕۆسه‌ی دهرمانو نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانی ئه‌و کچانه له حاڵێکدایه که سەرۆکی نەخۆشخانەی حەزرەتی فاتیمەی تاران کە منداڵانی سووتاوی شیناوێ دوو ساڵ بۆ چارەسەری بەڕێی ئەوێ کران، گوتبووی دەرمانو چارەسەری پزیشکی بۆ هیندێک لەو کچانه 15 ساڵی دیکەش دەکێشێ.
محەممەد جەواد فاتمی، پزیشکی به‌رپرس له په‌روه‌نده‌ی ئه‌وان دەڵێ لەهو ٢٨ قوتابییەی بەو ڕووداوە سووتان ١٢ کەسیان برینەکانیان قووڵەو بۆیەش دەبێ بۆ ماوەیەکی دوور‌و درێژ لە پڕۆسەی دەرمانو نەشتەرگەرییەکانیان بەردەوام بن‌و لەو 12 کەسەش پێنج کەسیان سووتانەکانیان یەکجار زۆرەو پێوستییان بە نەشتەرگەری پسپۆڕی‌و چارەسەری درێژخایەنتر هەیە؛ هه‌روه‌ها پێویسته که ئه‌و 5 که‌سه‌یان به‌ڕێی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بکرێن.
ڕووداوه‌که‌ی شیناوێی پیرانشار زه‌نگی مه‌ترسییه‌ک بوو بۆ دۆخی په‌روه‌رده‌و پێڕاگه‌یشتن به قوتابخانه‌کان له کوردستان، به‌ڵام دوای چوار ساڵ ئه‌و پرسه‌ش هه‌ر ئاوڕی له نه‌دراوه‌ته‌وه و ئه‌و پرسیارانه‌ی ساڵانی ڕابردوو هه‌ر له‌جێی خۆیانن؛ که بۆ تا ئێستاش له گونده‌کانی کوردستان ئه‌و جۆره قوتابخانه‌یانه به پۆلێکی ٢٨ که‌سی که‌مترین ئیمکاناتی ئیمه‌نییان نییه؟ ئایا کێشه‌ی ده‌وڵه‌ت به داهاتی زیاتر له ١٠٠ میلیارد دۆلار له ساڵدا نه‌بوونی پاره و توانای ماڵییه؟ یان بێ ته‌فاوتی و خه‌مساردی به نیسبه‌ت گیان و ژیانی خه‌ڵکی کورد؟
ئایا خه‌ڵکی کوردستان و ئێران مافی ئه‌وه‌یان نیه بزانن که مه‌سه‌له‌ن به سه‌دان میلیارد دۆلار داهاتی نه‌وت چی کردوه و چ ته‌رح و به‌رنامه‌یه‌کی گرینگتر له گرتنه به‌ری ئیمه‌نیی گیانی له قوتابخانه‌کانی وڵاتی جێبه‌جێ کردوه؟
چۆناوچۆنه کاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی خوێندن و په‌روه‌رده‌ی کۆماری ئیسلامی له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا توانیویانه زیاتر له ٢٠ هه‌زار مه‌دره‌سه‌ی ئایینی و قورئانی بۆ مه‌به‌سته ئیدۆلۆژیکییه‌کانی خۆیان به باشترین ئیمکانات دروست بکه‌ن، هه‌زاران مزگه‌وت و جێی نوێژ له قوتابخانه‌کاندا بکه‌نه‌وه و به دامه‌زراندنی هه‌زاران فه‌قێ و په‌روه‌ده‌کاری ئایینی و ناردنیان بۆ قوتابخانه‌کان له سه‌ر ته‌ربیه‌تی ئیدۆلۆژیکی و شۆردنه‌وه‌ی مێشکی ئه‌وان کار بکه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه هیچ به‌رنامه‌یه‌کیان بۆ ئیمه‌نیی قوتابخانه‌کان هه‌بێ؟