لە بەرەبەری هاتنی ٢٦ی سەرماوەز، بۆ دووەمین جار لە گوندی سەهۆڵان و گوندی عیساکەندی مەهاباد چالاکیی تەبلیغی بەڕێوەچوو.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی تەشکیلات، دۆستان و ئەندامانی بەهەست و هەڵویستی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە گوندی سەهۆڵان و چەند گوندێکی دیکەی ئەو ناوچەیە بۆ دووەمین جار بە چالاکیی تەبلیغی یاد و ناوی ٢٦ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستانیان بەرز ڕاگرت.
لەو چالاکییە تەبلیغییەدا لایەنگرانی حیزب بەشێوەیەکی بەرفراوان، تراکت و دروشم و نووسراوەی پێوەندیداریان لە نێو گوندی سەهۆڵان کە شوێنێکی بەرچاو و گەشتیارییە بڵاوکردەوەو بەو جۆرە پاڵپشتیی خۆیانیان لە هێزی پێشمەرگە و هێما نەتەوەییەکان دەربڕی.
کۆمیسیۆنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وێڕای سپاس و پێزانین، لە سەرجەم خەڵکی سەهۆلان، بەتایبەتی ئەندامان و دۆستانی حیزب، دەستخۆشییان لێدەکا و، سڵاویان بۆ دەنێرێ.