بە مەبەستی ژیاندنەوەی سەرلەنوێ ژینگەی شارەکانی کوردستان کە بە هۆکاری ناڕوون هەموو ساڵ ئاگری تێبەردەدرێ و، تا ئێستاش خەسار و زیانی زۆری لێکەوتۆتەوە، ژینگەپارێزانی کوردستان لە پێش چاوی کەمتەرخەمیی بەرپرسانەوە، هەڵمەتێکی بەڕوو چاندنیان لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بەڕێوەبرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، ژینگەپارێزانی شاری سنە بە هاوکاریی چەند ئەنجومەنی ناحکوومیی دیکە و بە بەشداری کۆمەڵیکی بەرچاو لە خەڵکی سنە هەڵمەتێکی بەڕوو چاندیان لە بناری شاخی ئاویەر بەڕێوەبرد.
ڕۆژی ١٩ی سەرماوز، کۆمەڵێک لە ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکانی شاری سنە پێکهاتوو لە ئەنجومەنی کۆمەڵەی کوردستانی سەوز، ئەنجومەنی شنەی نۆژین، “رفتگران طبیعت” گرووپی شاخەوانی سیروان و، بە هاوکاری خەڵکی ئەو شارە لە پارکی گەشتیاری ئاویەری سنە هەڵمەتێکی بەرینی بەڕوو چاندنیان بەرێوەبرد.
لەم هەڵمەتەدا کە بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ژینگەپارێزانی شاری سنە بەرێوەچوو، زیاتر لە ٥٠٠٠ هەزار دەنکە بەڕوو، بادام، بەڵاڵووک، لەو شوێنانەی کە لە ماوەی رابردوودا بەشێوەیەکی گوماناویی سووتێنرا بوو، چێنرا.
لە شاری کامیارا”نیش بە بەشداری خەڵکی ئەو شارە و، لەسەر دەستی ژینگەپارێزان پێنجەمین هەڵمەتی “وارانی بەڕوو” لە شوێنە سووتێنراوەکانی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەڕێوەچوو.
لەو هەڵمەتەدا کە بە بەشداری کۆمەڵێک لە خەڵکی ژینگەدۆستی شاری کامیاران بەرێوەچووە، زیاتر لە ٢٠٠٠ دەنکە بەڕوو لە سەیرانگای “کوبکار” لە ژێر دروشمی “بەڕوو، هێمای خۆراگری و سەرسەوزیی زاگرۆسە”، چنێرا.
ئەنجومەنی پاژینی شاری بانەش کە تائێستا چەندین هەڵمەتی هاوشێوەی بەرێوەبردووە، لە بڵاوکردنەوەیەکدا، داوای لە جەماوەری شاری بانە و ئەو ناوچەیە کردووە کە لەم وەرزەدا دەچنە سەیران و کەژوانی، لەبەر خۆیانەوە دەست بدەنە چاندنی دەنکی بەڕوو و قەزوان و بادام و گۆێژ تا ژینگەی وڵاتەکەمان کە خەساری پێ گەیشتووە بژیێتەوە
شایانی باسە دوای هاتنی وەرزی سەرما و بارینی باران و بەفر، هێشتا ژینگەی کوردستان گڕی ئاگری تێبەردراوی بڵێسە دەکێشی و، بە دەستی بەتاڵی ژینگەپارێزان دادەمرکێندرێ، لەم پێوەندیەدا رۆژی هەینی ١٩ ی سەرماوەز بناری “دۆڵ ئەسپان” لە ئاویەری سنە ئاگری تێبەردراو، دوای چەند کاتژمێر لە لایەن خەڵکی ئاسایی و ژینگەپارێزانەوە کووژایەوە.