ڕۆژ لە داوی ڕۆژ مەترسی لەناوچوونی گۆلی زرێبار زیاتر دەبێ و، تا ئێستاش گرینگییەکی ئەوتۆ بەم خەسارە ژینگەییە نەدراوە و، ژینگەپارێزان لەم بارەوە هوشداریان بە ناوەندە بەرپرسەکان داوە.
بە پێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، راکێشانی پاشەڕۆی گۆندەکانی دەرووبەری زرێبار بۆ ناو ئەو گۆلە، درێژەی هەیە.
گۆلی زرێبار گەورەترین گۆلی خۆڕسک و کانیاوی ئاوی شیرینە لە جیهاندا کە سەرچاوەی ئاوەکەی لە هەڵقوڵینی کانیگەلێک لە ژێر ئەم گۆلەدا دابین دەبێت و جگە لەوەی کە ئاوی هیچ ڕووبارێک لەم گۆلەدا ، پەنگ ناخوات و نامێنێتەوە، بەپێچەوانەوە ڕووبارێکیش لێیەوە سەرچاوە دەگریت؛ بەڵام ئێستاکە ڕوو لە ویشک بوونە کە، هۆکارە سەرەکییەکان دەگەڕیتەوە بۆ زێرئاوی شاری مەریوان و گوندەکانی دەورووبەری کە لە ژێر چاودێری ناوندەکانی حکومەتدا بەرێوەدەچێت.
یەکێ لە هاوڵاتیانی شاری مەریوان لەو پێوندییەدا راگەیاند کە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە کە پاشەڕۆی گۆندەکانی دەرووبەری مەریوان و تەنانەت بەشێک لە مەریوانیش، هەروەها پاشەڕۆی پایەگایی هێزەکانی رژیم لە نزیک زرێبار دەرژێتە نێو ئەم گۆلەوە کە سەرەڕای ئاگادار بوونی بەرپرسان لەم دۆخە، بەڵام بەئەنقەست پشتگۆێ خراوە، کە لەم داوییانەدا بە شێوەی رەسمی پاشەڕۆی گۆندی سێفیش بۆ ناو ئاوی زرێبار کاناڵکەشیی کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە گۆلی زرێبار لە ڕووی گەشتیاری و ڕاکێشانی گەشتیار و لە ڕووی دابین کردنی گۆشتی ماسی و…سەرچاوەیەکی داهاتی بەهێزە بۆ شاری مەریوان، هەروها لە ڕووی پاک و خاوین کردنی کەشوهەوای ناوچەکە ڕۆڵێکی کاریگەریی هەیە.
ژینگەپارێزانی و چالاکانی مەدەنیی مەریوان چەند ساڵێکە بە بەرێوەبردنی رێورەسم و مەراسمی پێوەندیدار و پێکهێنانی سمیناری زانستی، لە هەوڵی ئەوە دان کە بۆ ئەو کێشە ژینگەییە چارەسەرێک بدۆزنەوە، بەڵام نەبوونی پشتیوانیی حکوومەتی و خەمساردیی ناوەندەکانی پێوەندیدار لەو بارەوە لەمپەڕی خستۆتە سەر ڕێی ژینگەپارێزان.
شایانی باسە سەرەڕای ئەو مەترسییانەی کە رۆژبەدوای رۆژ هەڕەشە لە گۆلی زرێبار دەکەن، پلانی سازکردنی پاڵاوگەی نەوتیش لە تەنیشت زرێبار بۆتە هۆی نیگەرانیی ئەنجومەنەکانی ژینگەپارێزی و، تا ئێستا چەندین جار دژ بەو پلانە هەڵویستیان گرتووە.