ناوەندێکی نێودهوڵهتیی بهرگریی لە مافی مرۆڤ، کەمپینی ڕاگرتنی پێشێلکرانی مافی ١٢ زیندانیی سیاسی لە سەراسەری جیهان ڕاگەیاند.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودهوڵهتی، زەینەب جەلالیان، لە چالاکانی سیاسیی کوردی وەکوو زیندانیی ساڵ هەڵبژارد.
زەینەب جەلالیان، تهمهن ٣٤ ساڵ، تەنیا نوێنەرە لەنێو زیندانیانی سیاسیی ئێران که لە بەرەبەرەی ٢٠ی سەرماوەز، ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا هەڵبژێردراوه.
ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودهوڵهتی لە سەراسەری جیهان بە میلیۆن نامەیان بۆ ڕاگرتنی پێشێلکردنی مافه سەرەتاییهکانی بهندکراوانی کورد له زیندانهکانی ئێران نووسیوە.
هاوکات لەگەڵ کەمپەینی زەینەب جەلالیان، ١١ چالاکی دیکە لە سەراسەری جیهان وەک زیندانیی ساڵ ناسێندراون.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕوو بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگهیاند، بەخێرایی زەینەب جەلالیانیان ئازاد بکرێ.
زەینەب جەلالیان خەڵکی شاری ماکۆ و لە ڕەشەممەی ساڵی ٨٦دا، لە جادەی نێوان كرماشان بۆ سنە، لە خاڵی پشكنینی قازانچی لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەكانەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگوێزرا.
ئەو زیندانیە سیاسییە ساڵی١٣٩٠ حوكمی لەسێدارەدانی هەڵوەشایەوە و لەلایەن دیوانی باڵای وڵات بۆ زیندانی هەتاهەتایی حوكم درا، و ئەو بهندکراوه سیاسییه دوو ساڵ و نیو لە گرتنگەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی كرماشان و پێنج ساڵیشی لە دیزڵئاباد تێپەڕ كردووە.
شایانی باسه که زەینەب جەلالیان بە تۆمهتی شهڕ لهگهڵ خودا له رێگهی ئەندامبوون و هاوكاریکردنی یەكێك لە حیزبە كورییەكانی بهرههڵسکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران دهسبهسهرکرا و ساڵی ٩٣ بۆ زیندانی “خۆی” راگوێزرا.