سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممە ٦/١٢/٢٠١٦ شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرەستی پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی رێکخراو، لە هەولێر سەردانی سکرتاریای یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانیان کرد و لەلایەن شاندێکی پایەبەرز بە سەرپەرستی سکرتێری رێکخراو، بەرێز تەیمور عەبداڵ پێشوازییان لێکرا.
لەو دانێشتنەدا شاندی خانەخوێ وێڕای بەخێرهاتنی شاندی لاوان، خۆشحاڵی خۆیان بەم دیدارە دەربڕی.
لەم دانێشتنەدا پێشەوا عەلی پوور، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان باسی لە دۆخی هەنووکەیی ناوچە و زەروورەتی یەکخستن و یەکیەتیی هێزەکانی لاوان لە هەرچوارپارچەی کوردستان کرد. هەر لە درێژهی باسەکەیدا سکرتێری گشتیی لاوان گوتی: “دۆخی ئێستای ناوچەکە کۆمەلێک دەرفەت و قەیرانی لێدەکەوێتەوە و ئەگەر هێزە کوردیەکان یەکگرتوو بن دەتوانین ئەم دۆخە وەک دەرفەت بەکاربێنین و دوورە دیمەنی سەربەخۆیی روونە، هەروەها پێویستە رێکخراوەکانی لاوان لە هەرچوار بەشی کوردستان حیزبەکانیان لە هەستیاری ئەم دۆخە وە ئاگا بێننەوە و دابەش بوون بەسەر بلۆکبەندییەکانی ناوچە ماهیەتی تێکۆشانی نەتەوەییمان کەمڕەنگ دەکاتەوە، هەر بۆیە دەبێ هەموومان لەدەوری هێما و سیمبولە نەتەوەییەکان کۆببینەوە و ئاڵا و سروودی میللی و هێزی پێشمەرگە و خاکی کوردستان بکەینە بنەمای کاری هاوبەش و پێویستە بە چالاکی و تێکۆشانی هاوبەش لاوانی هەموو بەشەکان لەدەوری یەک کۆ ببینەوە.”
پاشان بەڕێز تەیمور عەبداڵ سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان وێڕای پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی شاندی لاوانی رۆژهەڵات، باسی لە مێژووی هاوبەشی کوردانی باشوور و رۆژهەڵات کرد و ئامادەیی رێکخراوەکەیانی بۆ هەرچەشنە چالاکییەکی هاوبەش دەربڕی. بەهێزکردنی پێوەندییەکانی دوو لایەن و پشتیوانی لە دۆزی رەوای لاوانی رۆژهەڵات باسێکی تری بە ڕێز تەیمور عەبداڵ بوو.
پاش دوو کاتژمێر دیالۆگ لە نێوان ئەندامانی شاندی هەردوولا و تاوتوێ کردنی دۆخی لاوان و کاریگەرییان لەسەر دۆخی ئێستای کوردستان، دیدارەکە کۆتایی پێهات.