سمینارێک لە ژێر ناوی “زرێبار، هەلەکان و مەترسییەکان”، لە زانکۆی پەیامنووری مەریوان، بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، ڕۆژی ۱٥ی سەرماوەز، لە زانکۆی پەیامنووری مەریوان، سمینارێک لەژێر ناوی: “زرێبار، هەلەکان و مەترسییەکان”، سەبارەت بەو هەڕەشانەی کە ئەو سەرچاوکە ژینگەییەیان خستۆتە مەترسییەوەو، بە جەختکردنەوە لەسەر دروستکردنی پاڵاوگە لە تەنیشت زرێباردا، بەڕێوەچوو.
ئەو سمینارە کە لە سەر دەستی ژینگەپارێزانی بنکەی “ژینگە”ی زانکۆی پەیام نووری مەریوان ڕێکخرابوو، سەرەتا بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە گیانی کوڵبەرانی بێتاوان دەستیپێکرد.
پاشان دوو کەس لە کوڕگێران بە ناوەکانی دوکتور سەلاحەددین مورادی و سەیوان ئەمینی، لە سەر زەریاچەی ئاوەشیرینەکانی جیهان، بەتایبەت زرێبار کۆمەڵێک زانیاریی وردیان خستەڕوو و، پێداگریان کرد لەسەر ئەوەش کرد کە زرێباریش مەترسی لە نێو چوونی لە سەرە و دەبێ زیاتر گرینگی پێبدرێ. بە تایبەتی کە باس لە ساز کردنی پاڵاوگەی نەوتی لە تەنیشتی زرێبار هەی،ە دەبێ بەرپرسان زیاتر هەستیاری ئەو کارە لە پێش چاو بگرن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا بە سەرنجدان بە ڕێژەی زۆری بیرە ئاوەکانی دەوروبەری زرێبار و ڕژانی زێرئاوەکان بۆ نێو زرێبار، ئەوەیان بە مەترسییەکی دیکە زانی بەسەر زەریاچەی زرێبار کە ئەگەر پێشی لێنەگیردرێ ژینگەی مەریوان و زەریاچەی زرێبار وەکوو شوێنێکی سروشتی و گەشتیاریی تووشی خەساری قەرەبوونەکراو دەبێ.
لە بڕگەیەکی دیکەی سمینارەکەدا، گوتارێک لە لایەن نوێنەری بنکەی ژینگەی زانکۆی ناوبراوەوە، خوێنرایەوە و کلیپێکیش لەسەر زرێبار نمایش کرا. هەروەها لە لایەن گرووپی شانۆی “یەنگیجە”وە، شانۆیەک لەسەر مەحکووم کردنی ڕاوی ئاژەڵان و پاراستنی ژینگەی زرێبار، پێشکەش کرا کە، ڕەخنەیەکی توند بوو لە بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکان کە سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی ژینگەی کوردستان کەمتەرخەمن. هەروەها ئەم شانۆیە پێشکەشی کیژۆڵەکانی گوندی شیناوێ کرا کە چوار ساڵ پێش ئێستا لە کارەساتێکی دڵتەزێندا، ڕووخساری جوانیان لەدەست دا.
لە کۆتایی سمینارەکەدا، ئەندامانی بنکەی ژینگە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی خوێندکاران لە بارودۆخی ژینگەی کوردستان و هەروەها بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگی ڕۆژنامەخوێنی، دەستیان دایە بڵاوکردنەوەی مانگنامەی “چیا”، بەڵام لە لایەن حەراسەت و بەرپرسی زانکۆوە، دەستبەسەر ڕۆژنامەکان گیرا و پێشیان بە بڵاوکردنەوەی گرت.