لە چەند مانگی ڕابردوودا شەپۆلی دەسبەسەرکردن و ڕاگرتنی خەڵکی شارە جیاجیاکانی کوردستان بەتایبەتی گەنجان و لاوان دەستیپێکردوەو هێشتاکەش هەر درێژەی هەیە، دوای دەسبەسەرکردنی کۆمەڵێک لاوی بۆکانی لە سێ مانگی رابردوودا، لە شاری سەقزیش لە حەوتووی ڕابردوو چەند لاو بە تۆمەتی چالاکیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەسبەسەر و بۆ شوینی نادیارە گواستراونەوە؛
هەروەها رۆژی ١٠ی سەرماوەز لە شاری دیواندەرە لاوێک بە ناوی سالار سۆفی کە لەگەڵ یەکێک لە مەئموورانی هێزە ئینتیزامییەکانی رێژیم بە شەڕ هاتبوو، چەند رۆژێکە بێسەروشوێن کراوەو، لە شوێنی ڕاگرتنی هێچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.
لە درێژەی ئەمنییەتی کردنی کەشی شارەکانی کوردستان و دەسبەسەرکردنەکان بە هۆکاری ناروون و بە شێوەی نایاسایی رۆژی ١٤ سەرماوەز لە شاری قوروەش ئەندازیارێک بەناوی سابیر نادری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر دەکرێ.
شەپۆلی دەستگیرییەکانی ئەمدواییە و ناروونیی چارەنووسی بەشێکی زۆر لە دەسبەسەرکراوەکان، هەروەها داواکردنی بارمتەی قورس بۆ بەشێک لە ئەوان لە لایەن دادگاکانەوە، بۆتە هۆی نیگەرانی و دڵەراوکێی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوەکان.
شایانی باسی زانیارییەکان باس لەوەدەکەن کە هۆکاری سەرەکیی ئەو دەسبەسەرکردنانە بۆ لایەنگری لە حیزبە رۆژهەڵاتییەکان و، چالاک بوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکیی مەدەنی و سیاسی دەگەڕێتەوە.