زانکۆ وه‌ک ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی زانست له سه‌ده‌ی رابردوودا و به‌تایبه‌ت ده‌یه‌ی ٦٠ و ٧٠ی زایینی دا بۆته ئاخێزگه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوانی کۆمه‌ڵایه‌تی که تیایدا خوێندکاران وێڕای به‌رگری له مافه سینفی و پیشه‌ییه‌کانی خۆیان، ده‌بنه هه‌ڵگری خواسته ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگه و ویستی گۆڕان له سه‌رجه‌م جومگه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگه ده‌که‌نه هه‌وێنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی رادیکاڵ و پێکهاته‌شکێن و تا ئاستی گۆڕانکاریی ریشه‌یی له به‌ها و نۆڕمه باوه‌کانی کۆمه‌ڵگه هه‌نگاو ده‌نێن. کاتێک خوێندکارانی زانکۆی سۆربۆنی فه‌ڕانسه له مانگی مه‌ی ساڵی ١٩٦٨دا داخوازه سینفییهکانیان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وکاتی فه‌ڕانسه‌دا پشتگوێ خرا، هه‌رگیز مارشال دوگۆڵ بیری له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه که له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌دا خوێندکاران ببنه پێشه‌نگی شۆڕشێکی سه‌رتاسه‌ری له شه‌قامه‌کانی پاریس و کورسیی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه.
ئیدئۆلۆژی ئاکادیمی ئه‌و چه‌مکه بووه که ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆڕه‌کان به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه له چوارچێوه‌ی ئه‌و چه‌مکه‌دا سووژه‌ی ده‌سته‌مۆ له خوێندکار دروست بکه‌ن تا پێش به سه‌رهه‌ڵدانی عه‌قڵانییه‌تی هزری له زانکۆ بگرن و عه‌قڵانییه‌تێکی ئامێری له جێی دابنێن. ده‌روازه‌ی چوونه نێو باسی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری له ئێران به‌و چه‌مکه‌دا تێده‌په‌ڕێ. لێسه‌ندنه‌وه‌ی ره‌سه‌نایه‌تی رووناکبیری که له راستیدا له ئێران‌دا له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری له‌دایک بووه، دوورخستنه‌وه‌ی خوێندکاران له روحی رادیکاڵ و پێکهاته‌شکێن که له تایبه‌تمه‌ندییه زاتییه‌کانی ئه‌و چینه دێنه ئه‌ژمار، سه‌رقاڵ کردنی خوێندکاران ته‌نیا به پێشکه‌وتنه تکنیکی و زانستییه‌کان به مه‌به‌ستی گه‌شه‌ی ئامێرتهوهری کۆمه‌ڵگا و خه‌ساندنی رۆحی پرسیارخوڵقێنی، له سه‌راسه‌ری مێژووی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری له سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه تا ئێستا جگه له چه‌ند وێستگه‌یه‌کی کورتی مێژوویی ئاماده بووه.
بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاریی له ئێران به هۆکاری جۆراوجۆری وه‌ک نه‌بوونی ئه‌حزاب و سه‌ندیکا و رێکخراوی راسته‌قینه که نوێنه‌رایه‌تی داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگا بکه‌ن، ئه‌رک و رۆڵێکی جیاوازی به‌خۆوه گرتووه‌و زۆرجار ئه‌وه داخوازه گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگه بوون که بوونه‌ته که‌ڵکه‌ڵه‌ی بیر و پراکتیکی خوێندکاران. هه‌ر بۆیه ده‌بینین سهفبهندییه سیاسی و چینایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگه له قۆناغگه‌لی جیاواز له زانکۆ‌دا ره‌نگدانه‌وه‌ی دیار و به‌رهه‌ستیان هه‌بووه. ئه‌گه‌ر چه‌مکگه‌لی وه‌ک دێموکراسی و ئازادی و عه‌داڵه‌ت له بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاریی سه‌راسه‌ری له ئێران‌دا له ماکه‌کانی ئه‌و بزاڤه له قه‌ڵه‌م بده‌ین، ئه‌وا سه‌باره‌ت به کوردستان چه‌مکی به‌هێز و کاریگه‌ری رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی له ژێر کارتێکه‌ریی گوتارێکی گشتگیری کوردستانی تایبه‌تمه‌ندییه‌کی جیاوازی به بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاریی کوردی داوه تا به شوناسێکی جیاواز و داخوازی جیاواز ده‌رکه‌وێ. هه‌رچه‌ند ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه به شێوه‌ی ته‌شکیلاتی و رێکخستن تێکه‌ڵ به ئه‌حزابی ئۆپۆزیسیۆنی ده‌روه‌ی وڵات نه‌بووه و نه‌بۆته ئامرازی ده‌ستی هیچ کام له ره‌وته سیاسییه‌کان، به‌ڵام یه‌کیه‌تییه‌کی گوتاری له نیوان ئه‌حزاب و ئه‌و بزاڤه‌دا بوونی هه‌بووه.
له ماوه‌ی نزیک به ده ساڵی رابردوودا مه‌ندییه‌کی که‌م وێنه به زانکۆکانه‌وه ده‌بینرێ، که‌مترین چالاکیی خوێندکاری وه‌ک ئه‌وه‌ی له ده‌یه‌ی چل و په‌نجا و هه‌روه‌ها کۆتایی ده‌یه‌ی حه‌فتا و سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی هه‌شتای کۆچی له ئارادا هه‌بوو، ئه‌نجام دراون. له راستیدا بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری له ئێران‌دا سه‌لماندوویه‌تی هه‌رگیز خۆی نه‌یتوانیوه گۆڕانی گه‌وره دروست بکا و ده‌رفه‌تی گه‌وره بخوڵقێنێ به‌ڵکوو له‌و کاتانه‌ی که کۆمه‌ڵگا کراوه‌ییه‌کی سیاسی و فه‌رهه‌نگی به‌خۆوه ده‌بینێ، ئه‌و بزاڤه دێته مه‌یدان و رۆڵی خۆی ده‌بینێ.
به گشتی ده‌توانین هۆکاره‌کانی رکوود یان سستی له بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری چ له ئاستی سه‌راسه‌ری و چ له ئاستی کوردی‌دا به سه‌ر هۆکاره ده‌ره‌کی و خودییه‌کان دابه‌ش بکه‌ین:
هۆکاره ده‌ره‌کییه‌کان
به‌دوای هاتنه سه‌ر کاری ده‌وڵه‌تی بنه‌ڕه‌تخوازی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و داخرانی فه‌زای سیاسیی ئێران، ده‌رفه‌تی مانۆڕ و چالاکیی گشت بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و یه‌ک له‌وان بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری زۆر به‌رته‌سک بۆته‌وه‌و تێچووی ره‌خنه و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان به راده‌یه‌ک به‌رز بۆته‌وه که پاشه‌کشه‌ی به‌و بزاڤه کردووه. له لایه‌کی تره‌وه که‌مڕه‌نگ بوونه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری گوتاری چه‌پی شۆڕشگێڕ له ئاستی جیهانیدا وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆ وێنه له په‌نجاکان و شه‌سته‌کان و ته‌نانه‌ت حهفتاکانیشدا به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان بوونی هه‌بوو، کاری کردۆته سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری، به شێوه‌یه‌ک که ئاکسیۆنی رادیکاڵ گه‌یشتۆته نزمترین ئاستی خۆی.
هۆکاره خودییه‌کان
هه‌روه‌ک ئاماژه‌ی پێکرا ئێلێمانه سه‌ره‌کییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری له ئێران‌دا بریتین له ئازادی و دێمۆکراسی و عه‌داڵه‌ت. کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران به شێوه‌یه‌کی گشتی گرفتاری قه‌یرانی گوتار بووه. له‌وانه‌یه بێ ئاکام بوونی خه‌باتی دێموکراسیخوازی سه‌ره‌ڕای خه‌باتێکی دوور‌و درێژ و قوربانییه‌کی زۆر، جۆرێک له بێهیوایی بڵاو کردبێته‌وه که گومانی له مه‌ڕ گوتاری گۆڕانخواز دروست کردبێ. هه‌مان قه‌یرانی گوتاری له بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری هه‌م له ئاستی سه‌راسه‌ری و هه‌م له ئاستی کوردستانیشدا به‌دی ده‌کرێ.
هه‌روه‌ها ده‌توانین بڵێین گۆڕانی جۆری په‌یوه‌ندییه‌کان و په‌ره‌سه‌ندنی ئامرازه‌کانی په‌یوه‌ندیی ئێلێکترۆنی په‌تایه‌کی تری بزووتنه‌وه‌ی خوێندکارییه که تا راده‌یه‌ک کاریگه‌ریی له سه‌ر سیسته‌می به‌ها و ئه‌رزشه‌کان داناوه.
کۆتایی
ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری له ئێران‌دا بیهه‌وێ له‌و قاوغه بێده‌نگه ده‌رباز بێ و ده‌وری پێشه‌نگایه‌تی خۆی له کۆمه‌ڵگه‌دا ببینێ، پێویسته پێناسه‌یه‌کی نوێ له ویست و داخوازییه‌کانی خۆی و کۆمه‌ڵگا بکاو گوتارێکی مافخوازانه له سه‌ر بنه‌ماگه‌لی نوێ وه‌ک مافی مرۆڤ تیۆریزه بکا. له ئاستی کوردستانیشدا پێویسته بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاریی کوردی پێداچوونه‌وه‌یه‌کی جیددی به ستراتیژی بزووتنه‌وه له مه‌ڕ پرسی نه‌ته‌وه‌یی بکا، به شێوه‌یه‌ک که به پاڵپشتیی یاسا و به‌ڵگه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌رگری له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆی بکا.