دادگای بەحرەین حوکمی ئێعدام و زیندانی هەتاهەتایی بۆ دە کەس لە سیخوڕەکانی کۆماری ئیسلامی دەرکرد.
رۆژی یەکشەممە بەرانبەر بە ١٤ی سەرماوەز، دادگای بەحرەین ١٠ کەس لە سیخوڕەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی کە لەو وڵاتە بە تۆمەتی تەقینەوە لە شاری “مەنامە” دەسبەسەرکرا بوون بە توندی سزا دا.
بە پێی حوکمی دادگای بەحرەین سێ کەس لە سیخۆرەکان بە ئیعدام و، حەوت کەسی دیکەش بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دران، شایانی باسە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو ١٠ کەسە لە ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن سپای پاسدارانەوە بۆ کێشەنانەوە لە وڵاتی بەحرەین، نێردرابوون.
بە پێی هەواڵدەریی فەرانسە ئەو دە کەسە دەستیان هەبووە لە بۆمبرێژ کردن و تەقاندنەوەی باڵوێزی بریتانیا لە “مەنامە”و، هەروەها کوشتنی دوو پولیسی بەحرەینی لە گوندێک لە نزیک شاری “مەنامە”.
جێی ئاماژەیە کۆماری ئیسلامی دوابەدوای بەهاری عەرەبی بە ڕاشکاوانە خەریکی دەستێوەردان و پەرەدان بە شێعەگەرییە لە وڵاتی بەحرەین و، تا ئێستاش چەندین جار، لەو بارەوە لە لایەن کۆڕ وکۆبوونەوە نێو نەتەوەییەکانەوە مەحکووم کراوە.