نزیکەی سێ مانگ بەر لە هاتنی ساڵی نوێی هەتاوی حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێران پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ١٣٩٦-ی هەتاوی ئێرانی رادەستی مەجلیس کرد، بۆ ئەوەی پێش هاتنی نەورۆز مەجلیس تاووتوێی بکات،و بیکاتە نەخشە رێگەی ژیان و گوزەرانی ساڵی داهاتووی خەڵکی ئێران و کوردستانی رۆژهەڵات.
ئەو پرۆژەیە هەزارو ٨٥ هەزار ملیار تمەنە،و بەپێی پرۆژەیاساکە ٥٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیل نەوت پێشبینی کراوە،و رۆژانە حکومەتی ئێران دەبێ ٢ ملیۆن ٤٢٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات. ئەو لایحەیە بە بەراورد لەگەڵ لایحەی بودجەی ساڵی رابردوو لەرووی ژمارەوە گۆرانکاری زۆری تێدایە، ژمارەکان بەرزبوونەتەوە،و رەنگە هاووڵاتیانی ئێران و کوردستانی رۆژهەڵات دڵیان بەو ژمارانە خۆش بکەن، چونکە بودجەی ساڵی ١٣٩٥ نزیکەی ٩٥٣ هەزار ملیار تمەن بوو، کە لەهی ساڵی داهاتوو زۆر کەمترە، ساڵی رابردوو بۆ هەر بەرمیلێک نەوت ٤٠ دۆلار پێشبینیکرابوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ نرخی هەر بەرمیلێک ١٥ دۆلار زیاترە، ئەوانەو ئەو بەلێنانەی کە حەسەن رۆحانی لە لایحەی بودجەدا بەهاووڵاتیانی داوە، رەنگە لانیکەم لەسەر راگەیاندنەکان دڵی زۆرکەس خۆش بکەن، بەتایبەت کە رۆحانی دەلێ ٧٠٠ هەزار دەرفەتی کار لە لایحەی بودجەی ١٣٩٦-دا پێشبینیکراوە.
لەراستیدا ئەو ژمارانە لەدۆخی ئێستای ئێران و کوردستانی رۆژهەڵاتدا، دەکرێ هەر وەکوو ژمارەی سەر کاغەز سەیر بکرێن، و وەکوو هەموو بەلێنە نووسراوو گوتراوانەی دیکە هەرگیز لانیکەم بۆ کوردانی رۆژهەڵات نەبنە پاروە نانێک. بەر لەهەموو شتێک لایحەی بودجەی ئەمساڵیش وەکوو هەموو ساڵێک ژمارەیەک و بودجەیەکی دیاریکراوی بۆ هیچ یەک لە پارێزگاکانی کوردستانی رۆژهەڵات دیاری نەکردووە، بەشی زۆری ئەوەی وەکوو بودجەی ساخت و ساز لەبەرچاوگیراوە، بۆ بەردەوامی پرۆژە نیوەچلەکانە، کە سەدان پرۆژەی نیوەکارە لە کوردستانی رۆژهەڵات هەن، کە هەندێکیان زیاتر لە ١٠ ساڵە تەواو نەبوونە.
لەلایەکی دیکەشەوە لەلایحەی بودجەدا کە نزیکەی ١٠٠ لاپەرەیە، هیچ پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی گەورەی تێدانییە، کە بتوانێ دەرفەتی کاری خۆماڵی برەخسێنێت، ئەگەر ئاورێکی سهرپێی لێبدەینەوە دەزانین کە دەیان کارخانەی گەورە لە ناوەند و بەشەکانی دیکەی ئێران لەساڵی ١٣٩٦ یان کارەکانیان تەواو دەبێت، و دەست بەکار دەبن، یانیش بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت، بەڵام یەک کارگەی خۆمالی یان دهوڵهتیش لە چوار پارێزگاکەی کوردستانی رۆژهەڵات لەلایحەکەدا پێشبینی نەکراوە. ئەوە جگە لەوەی سەرجەم پارێزگاکانی کوردستانی رۆژهەڵات کەوتوونەتە سەر سنوورو خەڵکەکەی بەردەوام لەحالەتی نائاساییدا دەژین، بەڵام ئەو تایبەتمەندییە لەبەرچاو نەگیراوە،و بەپێچەوانە رێژەی بێکاری ساڵانی رابردوو پێمان دەلێ کەئەمساڵیش رێژەی بێکارو نەدارەکانی کوردستان لەساڵانی رابردوو زیاتر دەبێت، چونکە زەمینەی کار لەکوردستان لەلایحەی بودجەدا لەکوردستان پێشبینی نەکراوە، هەتا دەستی کاری خۆماڵی تێدا دەست بەکاربێت، جا ئەگەریش وەکوو ناوەندی پێترۆشیمیای مەهاباد دوای زیاتر لە دوو دەیە دەست بەکاریش بوو، دوو لەسەر سێی هێزی کاری لەدەرەوە دێن،و بەخەڵکی ناوچەکەی رەوا نابینن.
رێگەوبانەکانی پارێزگاکانی ئیلام و سنەو کرماشان و ورمێ بوونەتە جادەی مەرگ،و خەڵک وەزاڵە هاتووە، بەڵام دوای ئەو هەموو نارەزایی دەڕبڕینە، لەبودجەی ساڵی ١٩٣٦-دا بڕیاری پێشوەختە لەسەر چاککردنی یەک مەتر لەو جادانە نەدراوە. کۆڵبەران لەسەر سنوورەکان بۆ ٢٠ بۆ ٣٠ هەزار تمەن دەکەونە بەر فیشەکی هێزە ئەمنییەکان و پرسەکە بووەتە پرسێکی جیهانی، بەڵام لەیەک بڕگەدا لایحەی بودجەی حەسەن رۆحانی ئاورێکی لێ نەداونەتەوە، جا هەموو ئەوانە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی خودی ئێران لانیکەم پارێزگای ئیلام ساڵانە پێشوازی لە چەندین ملیۆن زیارەتکاری شیعە مەزهەب دەکات، بەڵام بوودجەیەکیان بۆ شارێکی هەژار بەڵام رەخساو بۆ گەشتیاری ئایینی تەرخان نەکردووە.
لایحەی بوودجەی ئەمساڵ زۆری کون و کەلێنی گەورەی لانیکەم بۆ کوردستانی رۆژهەڵات تێدایە،و بەدڵنیاییەوە بێکاری و گرانی زیاتر دەکات، ئەو بودجەیە وەکوو ساڵی ساڵان بەشی ناوچە دەوڵەمەندەکانی بەزیادەوە داناوە،و بەشی ناوچە هەژارو گەشەنەکردووەکانی زۆر بەکەمی داناوەتەوە،و ئەگەر نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیس لەکاتی گفتوگۆکردنەکەدا شەڕی خۆیان لەسەر پشکی کوردستانی رۆژهەڵات نەکەن، ساڵی داهاتوو زۆر لەمساڵ بۆ کوردستانی رۆژهەڵات ناخۆش و کارەساتبارتر دەبێت.