سینەماکارانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لە وڵاتی سوید رێزیان لێگیرا.
رێوڕەسمی کۆتایی هاتنی سێیەمین فستیڤاڵی فیلمی کوردی کە لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو، سینەماکارانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە بەرهەمە کورت و بڵیندە سینەماییەکانی خۆیان، بە پێدانی لەوحی رێزلێنان، رێزی تایبەتییان لێگیرا.
لەو رێوڕەسمەدا لە بەشی بەرهەمە سینەماییەکاندا لەوحی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە فیلمی سینەمایی “کوێستانی قەندیل” لە دەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “تەها کەریمی” بەخشرا.
هەر لەم بەشەدا رێز لە فیلمی سینەمایی “مناڵانی دیاربەکر” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “میراز بێزار” لە شاری ئامێد گیرا .
لە بەشی کورتە فیلمەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لەوحی فەخری ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمی “ماڵی سپی” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “ئەرەستوو مەفاخیری” و بە رۆڵ بینینی ئەکتەری کورد “شیما مەولایی” بەخشرا.
هەروەها لەوحەی رێزلێنانی ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمی “ئاوێنە ڕەنگبزرکاوەکان” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “سالم سەڵەواتی” لە شاری سنە بەخشرا، لەوحەی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە کورتە فیلمی “وڵاتی ونبوو” لە درهێنانی سینەماکاری کورد “هەوراز محەممەد” لە هەرێمی کوردستان بەخشرا کە “هیوا جاف” لە ئەندامانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە درەهێنەر وەرگرت.
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و بە نمایشی بەرهەمی فۆتۆگرافی هونەرمەندانی کورد “ناسح عەلی خەیات”، “بابان ساڵح”، “هۆشمەند هەڵگورد” و هونەرمەندی سویدی “لاگێ بیۆرک” لە هۆڵی سینەمایی “فۆڵکت هیووس” لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.