لە نێوان چەکدارانی رێژیم و کاسبکارانی کورد، لە ناوچەی سەردەشت شەروتێکهەڵچوون ڕووی دا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان وکورد شەوی سێشەممە کاتژمێر ٩هەتا ١٢ی شەو لە گوندی بێتۆشی سەر بەشاری سەردەشت وەک هەمێشە هێزە ئەمنییەکانی رێژیم هێرش دەکەنە سەر چەند کاسبکاری ئەوناوچەو، لە نێوان کاسبکاران و هێزەچەکدارەکانی رێژیم، شەڕ و تێکهەڵچوون روودەداو، لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونە کەسبکارێک بەناوی سیراون بە توندی بریندار دەبێ.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە سێ کەس لە هێزەکانی رێژیم زیانیان وەبەر کەوتووە و بە هیلیکۆپتێر رەوانەی شاری سەردەشت کراون و ئەگەری ئەوە هەیە دووکەس لە هێزە چەکدارانی رێژیم کوژرا بن ،کە تاکاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لە سەر کوژراوانی ئەو تێکهەڵچوونە زانیارییەک لە بەر دەستدا نیە.
شایانی باسە بە هۆی هەڵسوکەوتی ناشیاوی هێزەچەکدارەکانی رێژیم لە گەڵ کاسبکاران و کۆڵبەرانی سەرسنوور، چەندین جار رووداوی وای لێکەوتووتەوە کە خەڵکی وەزاڵەهاتوو وڵامی سووکایەتی وهێرشی هێزەچەکدارەکانیان داوەتەوە.
چەندمانگ لەمەوبەریش لە ناوچەی رەبەت، کە هێزە چەکدارەکانی رێژیم کەلوپەلی کۆڵبەران و کاسبکارانیان تاڵان دەکرد. بۆ بە هۆی هاتنە ئارای شەڕ وتێکهەڵچوون و بریندار بوونی چەند کەس لە هێزەکانی رێژیم.
هەروەها هەواڵدەریی موکریان ئاشکرای کرد کە لە ئاکامی تەقە کردن لە ٨کۆڵبەری دەوروبەری گوندی ساوجی کە کەسێک لەوان گیانی لە دەست دەدا و دووکەسی کەسی دیکەش بە توندی بریندار دەبن، یەک لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی رێژیم دوابەدوای ئەوەی کە زانیویەتی بە هۆی تەقەی راستەوخۆی ئەو، کۆڵبەرێک کوژراوە، دەست دەدا بە خۆکوژی.
کارەساتی هێرش کردن بە سەر کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، خەسار و زیانی جۆربە جۆری هەیە، کە دەبی لە زووترین کات پێشی لێبگیردرێ.