رۆژی سێشەممە ٢٩ی نوامبر هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان پێکهاتوو لە هاوڕێیان خالیدی حەسەنپور ئەندامی رێبەری وسولتان گوڵاوی بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان لە دەفتەری رێکخراوی چەپەکانی ئاڵمان لە شاری بێرلین، لەگەڵ هەیئەتێک لە چەپەکانی ئاڵمان پێکهاتوو لە ” ئاندریاز گونتەر” و بەرپرسی پێوەندییە نێوونەتەوێەکان و خانمی ویدرمان بەرپرسی کۆبووەوە .
هەیئەتی خانەخوێ سەرەتا داوایان لە هەیئەتی حیزب کرد، کە سەبارەت بە مێژوو و ئامانجەکانی حیزب و هەروها بارودۆخی ئێران و پرسی کورد لەو وڵاتە بەرچاو روونێک بدا. بۆ ئەو مەبەستە هەیئەتی حیزب سەبارەت بە مێژوی پێکهاتن و ئامانجە و ستراتیژی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ هەیئەتی خانەخوێ دوا و، لە درێژەی باسەکەدا تیشکی خستەسەر بارودۆخی سیاسی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی. لەپێوەندی لەگەڵ دۆخی ئیراندا ئەندامانی حیزب بە درێژی باسی ناتەباییەکانی سیستمی ئێران سەبارەت بە پرسی دێموکراسی و، مافی کەمایەتییە ئاێنی و نەتەوییەکان و هەروها هەڵاواردنی ئابووری فەرهەنگی رێژیمی کۆماری ئیسلامییان دەرحەق بە گەڵانی ئێران کرد و، لەو پێوەنیەدا قامکیان لەسەر باری خراپی گوزەران و بێدەرەتانی گەلی کورد لە رۆژهەڵات کوردستان دانا. لە بەشێکی دیکەدا هەیئەتی حیزب پەرژایە سەر پرسی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی چەند قاتی ئەو مافانە لەکوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە .
هەیئەتی رێکخراوی چەپەکان، خۆشحاڵی خۆیان لەو دیدارە دەربڕی و نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری گەلی کورد لە کوردستانی ئێران نیشاندا و، پێشیلکردنی مافی مرۆڤ و بێ عەداڵەتیان دەرحەق بە پێکهاتەکانی ئێران مەحکوم کرد. پێوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ ئۆپۆزیسیونی ئێران هەروەها ئاستی پێوەندییەکان لەگەڵ رێکخراوە کوردستانییەکان تەوەرێکی دیکە باسەکان بوون، کە لەلایەن هەیئەتی حیزبەوە وڵامی پێویستیان پێدرایەوە.
بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ بە پرسی چۆنیەتی ڕێکخستنی پێوەندییەکانی نێوان هەردووکلا، کە لە لایەن هەیئەتی خانەخوێ ئامادەیی تەواو نیشاندرا کە لەمەوبەدوا، ئاستی پێوەندییەکانیان لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان گەرموگوڕتر و قووڵتر کەنەوە.
شایانی باسە کە رێکخراوی چەپەکان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی پارلمانی لە ئاڵمان ١٠ لە سەدی دەنگەکانیان وەدەست هێناوە و لە ئێستا دا خاوەنی ٦٤ کورسین لە پارلمانی ئاڵماندا.