بە پێی ڕاپۆرتی هیرانا، بەڕیوەبەری گشتیی پزیشکی قانوونی پارێزگای سنە ڕایگەیاند کە لە ٧مانگی ڕابردوو ٦٨٠١کەس بە هۆی شەڕ کردن و بریندار بوونیان سەردانی پزیشکیی قانوونیان کردووە.
غولامرەزا هومایوونی لەو بارەوە وتی: بە بەراورد لە گەڵ ساڵی رابردوو ڕێژی شەڕ و تێکهەڵچوونی بنەماڵەیی و سەرشەقامەکان زیادی کردووەو لە کۆی ئەوکەسانەی کە سەردانی نەخوشخانەکانیان کردووە ٤٩٦٠کەسیان پیاو و، ١٨٩٣کەس ژن بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی پزێشکیی قانوونی ئیران ، هەر یەک دەقە شەڕێک روودەدا و رۆژانە زیاتر لە ١٦٠٠ سکاڵا لەوبارەوە لە دادگاکانی ئێران تۆمار دەکرێ و، بە پێی ئەو ڕاپۆرتە شاری تاران لە پێشەوەیەو زیاترین حاڵەتی شەڕی تێدا روودەدا.
ڕێکخراوی پزیشکیی قانوونی ئێران ؛ بە باس کردن لە ریژەی ١٦٠٠ سکاڵا کە لە دادگاکان سەبارەت بە شەڕ و بریندار بوونی هاووڵاتیان، هۆکارەکەی بە کێشەی فەرهەنگی و کۆمەلایەتی وئابووری و رەوانی خەڵکی ئێران لە قەلەم دا.
دادگای سزای تاران بە دانپێدانان بە هەڵکشانی سکاڵاکان لە سەر شەڕ و خەسارەکانی ڕایگەیاند کە زۆربەی شەرەکان لە تایفە وبنەماڵە و سەر شەقامەکانی ئێران بە هۆی کێشەی نامووسی،ئیخلاقی و عەشیرەیی روودەدەن و، هەروەها گوشاری ماڵی، دۆخی نالەباری ئابووری، گرفتی کۆمەڵایەتی وئیخلاقی، لە هۆکارەکانی دیکەی بەرزبوونەوەی رێژەی شەڕ وتێکهچوونەکانی وڵاتی ئیرانن.
حەسەن موسەوی بەرپرسی ئەنجومەنی یاریدەرانی کۆمەڵایەتی، لەو پێوەندییەدا دەڵی؛ پیسبوونی هەوا، هاڕوهۆڕی لە رابەدەری شەقامەکان بۆتە هۆی کەم تەحمووڵی خەڵکی شارەگەورەکان و هەر زوو کۆنترۆڵی خۆیان لە دەست دەدەن ولە لایەک دیکەش نەبوونی پێوەندیی کۆمەڵایەتی، یەکێکتر لە هۆکارەکانی شەڕ و تێکەڵچوونەکانی سەر شەقامەکانن.
بەرپرسی رێکخراوی دەرونناسی ئێران لەم بارەوە ڕایگەیاند؛ نائومێد بوونی خەڵک لە ئەوەی کە بەشیوی یاسایی و لە دادگاکانی ئێران کێشەکانیان چارەسەر ببێ و بە مافی خۆیان بگەن ،هۆکارێکی سەرەکییە کە لە جیاتی پەنا بردن بۆ یاسا ، شارۆمەندان خۆیان بەرگری لەمافی خۆیان بکەن و، ئەمەش وای لیهاتووە رۆژانە لە شەقامەکانی ئێران شاهیدی رووداوی شەڕ و گرژیی و تێکەڵچوون ببین کە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و مەترسیدارە.