لە درێژەی دیدارو کۆبوونەوە لە گەڵ هێزەو لایەنەکانی کوردستان، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گەڵ هەیئەتێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبووەوە.
دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب، لە لایەن هەیئەتێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرپەرەستی بەڕێز عومەر ئیلخانیزادە، سکرتێری کۆمەلە پێشوازی لێکرا.
لە سەرەتای ئەم دیدارەدا هەردوو هەیئەت لە پێوەندی لە گەڵ دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو، بارودۆخی سیاسیی ئێران ئاڵوگۆڕی بیرو بۆچوونیان کرد.
لە درێژەی دیدارەکەیاندا، باس لە سەر بارودۆخی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان کراو، راشکاوانە قسە لە خاڵە لاواز و بەهێزەکانی بارودۆخی ئەمڕۆی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و، ئەرکی هیزە سیاسییەکان کرا.
لەم پێوەندییەدا هەر دوو هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان نایەکگرتوویی و پرش و بڵاویی هێز و لایەنە سیاسییەکانیان بە خاڵی لاوازی بزووتنەوەی ئەمڕۆی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان زانی و ، لەو باوەڕەدا بوون کە بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە هەنگاوی بەکردەوە پێویستە.