بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەز هێزە چەکدارەکانی سەرسنوور،دیسانەکە لە ناوچەی مەریوان لە نزیک گوندی “درە وران ومێرگە درێژ” بە تەقەی راستەوخۆ کاسبکارێکی دیکەیان بەناوی “کەماڵ بامرز” دایە بە دەستدرێژی گوللەو گیانیان لێئەستاند.
هەروەها ٦ کۆڵبەری دیکەش بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی رێژیم بە توندی بریندار کراون و هەواڵەکان باس لەوەدەکەن باری تەندروستییان ناجێگیرە..
بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵی مافی مرۆڤی کوردستان و چەندین رێکخراوی دیکە ئەمساڵ لانیکەم ٧٠کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سەرسنوور کوژراون و دەیان کەسیش بریندارکراون.هەڵسوکەوتی هێزەئەمنی و ئینتیزامییەکانی رێژیم، هیچکات تەقەی ترساندن و ئاگادار کردنەوە نەبووە بەڵکوو بە ئەنقەست وراستەوخۆ کاسبکاران و کۆڵبەرانی بێدەرەتانی کوردیان داوەتە بەر گوللە و تەنانەت بە کوشتنی ئەسپ وهێستری کاسبکاران، کەلوپەلی کۆڵبەرانیشان بە تاڵان بردوە.
کارەساتی کۆڵبەرکوشتن و دەنگدانەوەکانی لە میدیاکان، بەرپرسانی رێژیمی لە خەوی خۆ گێل کردن راچڵەکاند بەڵام بە کردەوە هیچ لە چارەنووسی مەترسیداری کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنوور نەگۆڕاوەو رۆژانە گیان وحاڵیان لە مەترسی دایە.