رۆژی سێشهممه٩ ی سه‌رماوه‌زی ٩٥ ( ٢٩ ی نوامبر ٢٠١٦ ) شاندێکی نوێنه‌رایه‌تی ” هه‌ده‌په ” له هه‌ولێر پێکهاتوو له شیلان محمد امین ئوغڵو و عابید، سه‌ردانی ده‌فته‌ری نوێنه‌رایه‌تی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان له هه‌ولێریان کرد.
سه‌ره‌تا خاتوو شیلان له سه‌ر بارودۆخی تورکیه و باکوری کوردستان و به تایبه‌ت روودای ده‌ستبه‌سه‌رکرانی هاوسه‌رۆکه‌کانی “هه‌ده‌په”و، هه‌روه‌ها ده‌ستگیرکردنی به‌شێک له سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کانی هه‌ڵبژێردراوی شاره‌کانی باکوری کوردستان قسه‌ی کرد ورایگه‌یاند ، گرتنی ئه‌و که‌سانه له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاییترین پرێنسیپ و ئوسوولی دێمۆکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ دژایه‌تییان هه‌یه و، خزمه‌ت به پرۆسه‌ی ئاشتی و دیالۆگی نێوان کورد و تورک ناکات و به‌ره‌و ئاقارێکی نادیاری ده‌بات.
دواتر ئیبراهیم زێوه‌یی به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تی حیزب له هه‌ولێر ، سه‌باره‌ت به ره‌وتی ده‌ستگیرکردنی به‌رپرسان و کاربه‌ده‌ستانی هه‌ده‌په” و نوێنه‌رانی خه‌ڵک و به‌شێک له سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کانی خه‌ڵکی باکوری کوردستان په‌رۆش و نیگه‌رانییه‌کانی خۆی و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی له ئاست ئه‌م رووداوانه ده‌ربری و، مه‌حکومی کرد و رایگه‌یاند که ئه‌م کرده‌وه نه‌ته‌نیا هه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتی و دیالۆگی نێوان کورد و تورک ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه به‌ڵکوو هیچ خزمه‌تێک به قووڵبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاویی نێوان گه‌ڵانی تورک و کورد وبه‌ره‌وپێش چوون وگه‌شه و ئاوه‌دانی وڵاتی تورکیه ناکا، بگره له ئاستی ناوچه‌یی و جیهانی پریستیژ و متمانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیه بخاته ژێر پرسیاره‌وه.
له کۆتاییدا دوو لایه‌ن باسیان له پێویستیی هاوهه‌ڵوێستی، هه‌ماهه‌نگی و هاوکاری سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌کانی چوار پارچه‌ی کوردستان، له‌پێناو یه‌کریزی، خه‌تابی هاوبه‌ش و، چۆنیه‌تی هه‌نگاونان بۆ ده‌رباز بوون له کۆسپ و قه‌یرانه خوڵقاوه‌کانی سه‌ر رێگا کرد و، له‌و پێوه‌ندییه دا، دانیشتن و دیالۆگ و هاوهه‌ڵویستی حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی پارچه‌کانی کوردستان یان به پێویستییه‌کی حه‌تمی و سه‌رده‌میانه له قه‌ڵه‌م دا.