بە پێی ڕاپۆرتی هێرانا، فواد رەزازادە بەندکراوی سوننی مەزهەب لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، بە هۆی پێنەدانی مەرەخسی دەستی داوەتە مانگرتن.
ناوبرا بە هۆی گرفتی بنەماڵەییەوە داوای مەرەخسیی لە بەرپرسانی زیندان کردبوو، بەڵام ئەو داوایەی ڕەت دەکرێتەوەو لە رۆژی سێشەممەی ڕابردوەوە، مانی لە خواردن گرتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئەو بەند کراوە رایگەیاند کە فواد رەزا زادە، بە هۆی نەخۆشی باوکیەوە چەندین جار داوای مەرەخسی کردبوو بەڵام هەرجارەو بە بیانوویەک داواکەی پشت گوێ خرا و تەنانەت رێگە نادەن لە پرسەو سەرخۆشی باوکیدا ئامادە ببێ و هەربۆیە بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕین، بۆ حەوتوویەک دەچێ کە مانی لە خواردن گرتوە.
شایانی باسە فواد رەزا زادە زیندانیی عەقیدەتی کە بە ٥ساڵ زیندان مەحکووم کراوە زیاتر لە سێ ساڵ و پێنج مانگە لە بەندیخانە بەسەر دەبا. جێیوەبیرهێنانەوەیە بێجگە فواد رەزا زادە، ٧ بەندکراوی دیکە مانیان لە خواردن گرتووە و لە دۆخێکی نا لەباردا دەژین. هەر بۆیە بە مەبەستی سەرنجدان بە هەلومەرجی زیندانیانی مانگرتوو ، نزیک بە ١٢ هەزارکەس بە واژۆ کردنی تۆمارێک و ناردنی بۆ حەسەن رۆحانی و بەرپرسانی باڵای دەزگای قەزایی ئێران خوازیاری ئەوەن کە لە زووترین کات فریای زیندانیانی مانگرتوو بکەون.