له چه‌ند رۆژی رابردوودا و له زمان مه‌حموود سادقی نوێنه‌ری خه‌ڵکی تاران له مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی هه‌واڵی دزییه‌کی میلیاردیی سادق لاریجانی سه‌رۆکی ده‌زگای قه‌زایی ئێران ئاشکرا کرا که هه‌م له ئێستادا بووه‌ته باسێکی گه‌رم و سه‌رنجڕاکێشی نێو میدیا و رۆژنامه‌کانی ئێران و هه‌م به‌و راده‌یه‌ش جێی سه‌رسوڕمانی خه‌ڵک.
هه‌رچه‌ند گەندەڵبوون تایبەتمەندیی سەرەکیی هەموو کاربەدەستانی ورد و درشتی ئەو نیزامەیە؛ بەڵام هەواڵی ئاشکرابوونی ١٦٠٠ میلیارد تمەن گەندەڵی لە ناوبراو، لە کەسێک کە سەرۆکی دەزگای قەزاییەوە و بەپێی قانوون دەبێ لە گەندەڵکاران هەڵپێچێ و دادی خەڵک بستێنێ بۆ ئەوە نابێ سووک و سانا لە تەنیشتی تێبپەڕین.
دوای ئەوەی مەحمود سادقی، نوێنەری شاری تاران لە مەجلیس چەند پرسیارێکی لە پێوەندی لەگەڵ حیسابە شەخیسییەکانی سادق لاریجانی، سەرۆکی دەزگای قەزایی لە عەلی تەیبنیا، وەزیری ئابووری کرد، بابەتی دزی و گەندەڵییەکانی ئاغای لاریجانی بە میدیایی کرا. بەڵام ئەوە بە گران لەسەر مەحمود سادقی کەوت، چونکی کە لەلایەن داواکاری گشتییەوە بانگ کراوە و سەبارەت بە لەقاودانی ئەو لادان و گەندەڵییە حوکمی زیندانیکردنی بەسەردا سەپاوە.
باسەکە ئەوەیە کە جەنابی سەرۆکی دەزگای قەزایی ٦٣ حیسابی شەخسیی بانکیی لە بانکە جۆراوجۆرەکانی وڵات‌دا هەیە. ئەو پوڵ و وەسیقە و بارمتە ماڵییانەی کە زیندانییەکان دەیدەنە دەزگای قەزایی دەخرێنە نێو ئەو حیسابانەوە و ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا دوایە چی‌یان بەسەرنایە، بەڵام ئەو سوود و بەهرەیەی لە سۆنگەی ئەو پووڵانەوە دەچێتە حیسابی ئاغای لاریجانی لە مانگدا ٢٠ میلیارد تمەن و لە ساڵدا ٢٥٠ میلیارد تمەن بووە. هەروەها ئەو بڕە پووڵە لەو کاتەوە کە جەنابیان لە ساڵی١٣٨٨ ەوە بە بڕیاری خامنەیی وەک سەرۆکی دەزگای قەزایی دیاری کراوە، دەکاتە ١٦٠٠ میلیارد تمەنی ناقابیل.
ئەو کارەی سادق لاریجانی کردوویەتی ناقانوونییە، بەڵام کوا و کێ دەبێ لێی بپرسێتەوە و مەگەر لە دەزگای داددا کەس هەیە لە سەرووی خۆی، هەتا تێی هەڵپێچێ؟
بەپێی ئەسڵی 53ی قانوونی بنەڕەتیی وڵات دەبێ هەموو داهاتی دەوڵەت و ئەو پووڵەی دەستی دەکەوێ لە خەزێنەداریی گشتیدا هەڵبگیرێ، ئەوەی لێرەشدا ون و نادیارە ئەوەیە کە دەزگای قەزایی و جەنابی لاریجانی بەپێی کام قانوون ئەو حیسابانەی کردۆتەوە و ئەو پووڵانەی خلۆری حیسابەکانی خۆی کردوە.
کاردانەوەی لاریجانی بەو تۆمەتە جیا لە حاشا شتێکی دیکەشە. ئەو دەڵێ ئەو حیسابانە لەسەر ئیزنی خودی خامنەیی کراونەتەوە و ئەوەش بۆیە دەڵێ هەتا
خامنەیی بکاتە قەڵغانی خۆی و، لەو فشارانە کەم کاتەوە کە لەو ماوەیەدا خراوەتە سەری.
باڵەکەی دیکەی نێو دەسەڵاتیش لەولاوه بە هێنان و بردن و بەڕۆژەڤکردنەوەی ئەو بابەتە دەیانەوێ لە سەر و پۆتراکی سادق لاریجانی بدەن هەتا بڕستی ئەوەی لێببڕن کە زیاتر لەوەندە پێ ڕانەکێشێ، بە تایبەت کە ناوبراو یەکێک لەو دەگمەن بەربژێرانەیە کە بۆ جێگرەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم ناوی دێ.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەو باسە جارێکی دیکە گەندەڵیی سیستماتیک لە تەواوەتیی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەقاو دایەوە.
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ڕۆژ نییه له ئێران گه‌نده‌ڵییه‌ک له‌قاو نه‌درێ، جا ئه‌و گه‌نده‌ڵییه له ڕێکخراو و دامه‌زراوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌تی و حکومەتی بێ، یان ناوه‌ند و بنیاته گشتییه‌کان؛ یان دەنا بانکه‌کان، شاره‌داری، بیمه، گومرک، ته‌عاونییه‌کان، بنیاته ماڵییه‌کان هه‌موو ئه‌و جێیانه‌ی که پووڵیان لێیه و سیستمی چاوه‌دێری تێیاندا لاوازه.
ڕاستە گه‌نده‌ڵی دیاره‌ده‌یه‌کی جیهانییه، به‌ڵام گه‌نده‌ڵی له ئێران هەندێ تایبەتمەندیی خۆی هەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدیعا ده‌کا باشترین شێوەی حوکمڕانیی لە دنیادا هەیە، به‌ڵام ئامارهکانو ئاکامه‌کانی توێژینه‌وه‌ی ناوه‌نده نێونهتهوهییهکانو داننانی به‌شێک له کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت ده‌ری ده‌خه‌ن که یه‌کێک له گه‌نده‌ڵترین حاکمییه سیاسییه‌کانی دنیایه.
هاوکات ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له گه‌نده‌ڵییه‌کاندا ئاشکرا ده‌بێ له که‌سانی نه‌گۆڕو هه‌ره سه‌رووی نیزامن، سەرباری ئەوە دوای ئاشکرابوونو لهههڵڵادرانی گه‌نده‌ڵییه‌کان، ده‌زگای قه‌زایی پتر له‌وه‌ی له خه‌می لێپێچینه‌وه و سزادانی گه‌نده‌ڵکاران و بنه‌بڕکردنی گه‌نده‌ڵیدا بێ، له پله‌ی یه‌که‌مدا هه‌وڵی دیزه به‌ده‌رخۆنه‌کردنی په‌روه‌نده‌کان و بێدهنگهلێکردنیان ده‌دا. خۆ ئه‌گه‌ر ده‌نگیشی لێ ده‌رهاتبێ، ئه‌وا کارەکەی سه‌روگوێ تێکردنه‌وه و تێپه‌ڕاندنی پڕۆسه‌که به که‌مترین تێچوو بووە، بە تایبەت ئێستادا کە دەزگای قەزایی و کەسی یەکەمی خۆی تاوانباری سەرەکی و سووژەی نوێی لەقاودراوی گەندەڵییەکی دیکە لە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامییە.
داننانی دەوڵەتی حەسەن ڕوحانی بە زیاتر له ٨٠٠ په‌روه‌نده‌ی لادان و گهندهڵییەکانی ده‌وڵه‌تی ئهحمهدینژاد، گه‌نده‌ڵییه ماڵییه 3 هه‌زار میلیارد تمه‌نییه‌که‌ی بیمه و سیسته‌می بانکیی وڵات، په‌روه‌نده‌ی چه‌ند سەد میلیارد تمه‌نییه‌که‌ی سندووقی دابینکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی، پەروەندەی سه‌دان میلیارد تمه‌ن زه‌وی خواردنی برایانی لاریجانی، گه‌نده‌ڵییه ٩ هه‌زار میلیارد تمه‌نییه‌که‌ی بابه‌ک زه‌نجانی، گه‌نده‌ڵییه 7 هه‌زار میلیارد تمه‌نییه‌که‌ی سێ سه‌ڕڕافی تاران به هاوکاریی بانکی ناوه‌ندیی ده‌وڵه‌تی ئهحمهدینژاد تەنیا چەند نموونەیەک لەو گەندەڵییانەن کە لە شەڕی باڵەکانی نێو دەسەڵاتدا لە یەکتریان لە هەڵلا داوە و خودا دەزانێ چەندی دیکەش کراوە و لە یەکتریان لەقاو نەداوە.
که‌وابوو له خۆڕا نییه نرخی بێ‌کاری له ئێران له سه‌دی ٤٠ تێپه‌ڕیوه و، بێ هۆ نییه که هه‌ژاری و بێده‌ره‌تانی خه‌ڵکی ئێرانی ئاوا بێ بڕست کردوە و له ژیان بێهیوای کردوون.