کوری حسێنعەلی مونتەزەری دوای ماوەیەک دادگایی کردن بە ٢١ ساڵ زیندان مەحکوم کرا.
ئەحمەد مونتەزەری بە هۆی بڵاوکردنەوەی دەنگی تۆمار کراوی باوکی، کە باس لە کۆمەڵکوژییەکانی دەیەی ٦٠ هەتاویی لە ئێران دەکا، بە تۆمەتی هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و، بڵاوکردنەوەی نهێنییەکان و بانگەشە بە دژی نیزام، سەرجەم بە ٢١ ساڵ زیندان مەحکوم کرا. هەروەها دادگای تایبەت بە مەلایان، پلەی مەلایی لێوەرگرتەوە.
ناوەڕاستی هاوینی ئەمساڵ ئەحمەد مونتەزەری لە ماڵپەری مونتەزەری دەنگی تۆمار کراوی کۆبوونەوەیەکی بڵاوکردەوە کە تێدا باس لە ئیعدام و کوشتاری زیندانیانی سیاسی وجیابیران رێژیم دەکرێ لە دەنگە تۆمار کراوەدا ، حسێنعەلی مونتەزری کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی بە جنایەت ناو دەبا و باس لەوە دەکا، کە لە داهاتوو بە جنایەتکار باسمان دەکرێ”
چەند رۆژ بەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگە تۆمار کراوە ، لە ئاستی نێوخۆی وڵات و دەروەی وڵاتیش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. بەو هۆیەوە ئەحمەد مونتەزەری لە لایەن دادگای تایبەت بە مەلایان، بە تاوانی هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نەتەوەیی بە ٢١ ساڵ و سێ مانگ زێندان مەحکوم کرا.
شایانی باسە لە دەیەی ٦٠ ی هەتاویی بە فەرمانی خومەینی زیاتر لە ٣٠هەزار زیندانی سیاسی لە سەانسەری ئێران ئیعدام کران و، ئێستاشی لەگەڵ بێ رێژیم دانی بەم تاوانە نەناوەو، مقومقوی رەخنەگرانی ئەو کۆمەڵکوژییە لە نێو باڵەکانی دەسەڵات بەرزبووتەوە. ماوەیەک لەمەو پێش عەلی موتەهەر گوتی؛ لە جیاتی دورشمدان لە بارەی ئێعدامەکانی دەیە٦٠ روون کردنەوە بدەن.
لەم پێوەندیەدا ئەحمەد خاتمی وتاربێژی رۆژی هەینی ڕایگەیاند کە کۆمەڵکوژی ساڵی ٦٧ گەورەترین خزمەت بوو، بە نیزام و سەقامگیرکردنی کۆماری ئیسلامی.
جێی ئاماژەیە دوابەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگێ تۆمار کراوی مونتەزەری وەکوو بەڵگەیەکی باوەر پێکراو لەسەر ئیعدامی بە کۆمەڵی جیابیران و زیندانیانی سیاسی کەمپەینێ ساز کرا و تا ئێستاش پارلمان و کەسایەتیی سیاسییەکانی چەندین وڵات پاڵپشتییان لێکردووە.