بێکاری کە بە گەورەترین کێشەی شاری ئیلام دێتە ئەژمار و نوێنەری ئەو شارە لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی بە دانپێدانانی کەمتەرخەمییەکان و نەبوونی گەڵاڵەی تایبەت سەبارەت بە پرسی کار لە پارێزگای ئیلام لەوبارەوە وەدەنگ هات.
بەرپرسی کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند کە لە ئێستادا بێکاری گرینگترین کێشەی پارێزگای ئیلامەو، دەبێ زیاتر وچاکتر سەرنجی پێ بدرێ، کە بەداخەوە هاوکاری کردنی دەوڵەت و بەرپرسان لەم بارەوە لە ئاستی پێویستدا نیە.
سەلام ئەمینی لە وتووێژێکدا وتی؛ جیا لە بێکاری کەڵک وەرنەگرتن لە خوێندکارانی ئیلامی و سپاردنی شوێنی کارو کارگەکان بە کەسانی دیکە، کە خەڵکی پارێزگای ئیلام نین، بۆتە هۆی کۆچی بەناچاری بەشێکی بەرچاو لە خوێندکارانی ئیلام بۆ شارەکانی دیکەی ئێران و، ئەمەش هۆکارێکە کە لە ساڵانی رابردوودا حەشیمەتی ئیلام گەشەی بە خۆیەوە نەبینیوە.
ئەندامی کۆمیسیۆنی وزە و نوێنەری شاری ئیلام لە درێژەی قسەکانی دا ، بە خستنە بەرباسی قەیرانی بێکاری و گرفتەکانی پێوەندیدار بەم پرسە کۆمەڵایەتییە، رایگەیاند کە پارێزگای ئیلام بانترین رێژەی خۆکوژیی هەیە لە ئێران و یەک لە هۆکارەکانی خۆکوژیش بۆ هەبوونی هەژاری و بێکاری دەگەڕێتەوە.
هاوکات لە گەڵ قسەکانی بەرپرسی کۆڕی نوێنەرانی ئیلام ،ئەحسەن عەلەوی نوێنەری خەڵکی سنە ، لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی بە ئاماژەدان بە رێژەی زۆری بێکاری و نەبوونی کەرتی تایبەت بۆ کار و بەرهەمهێنان ،بێکاری بە قەیرانێک زانی لە پارێزگای سنەو خوازیاری گرینگی دانی دەوڵەت بوو، کە وادە و بەڵێنیەکانی بخاتە بواری جێبەجی کردنەوە.
شایانی باسە دوو پارێزگای ئیلام و سنە خاوەنی زۆرترین رێژەی بێکارین بە بەراورد کردن لە گەڵ پارێزگاکانی دیکە ئێران و، بە دوو پارێزگای هەژار وگەشەنەستاندو، دێنە ئەژمار.