له حاڵێكدا كه مه‌جلیسی ئێران گه‌ڵاڵه‌ی سزای جێگره‌وه‌ی ئێعدام بۆ تاوانبارانی مادده‌ی هۆشبه‌ر په‌سند كردوه، سه‌رۆكی پۆلیسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ری هێزی ئینتزامی له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه كه تاوانبارانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له هه‌ر بارودۆخێكدا، ده‌بێ ئێعدام بكرێن.
محهممهدمهسعود زاهێدیان له كاردانه‌وه‌ی لابردنی حوكمی ئێعدامی قاچاخچیانی مادده‌ی هۆشبه‌ر گوتی: “له هه‌لومه‌رجی ئێستای وڵاته‌كه‌مان له دراوسێتیی گه‌ورترین وڵاتی به‌رهه‌مهێنەری مادده‌ی هۆشبه‌ر داین و قاچاخچیان مادده‌ی هۆشبه‌ر، هه‌موو هه‌لێك دهقوزنهوه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر، هەر بۆیه پێویسته ئێعدام بكرێن.”
ئه‌م سه‌رهه‌نگه‌ی هێزی ئینتزامی بارودۆخی زیندانه‌كانی ئێران لەبار نازانێ و ده‌ڵێ، ده‌بێ ئه‌مه قەبووڵ بكه‌ین كه زیندان جێی قاچاخچیی مادده‌ی هۆشبه‌ر نییه كه ژیانی ڕۆژانه‌ی لاوان و مێرمنداڵانی وڵاته‌كه‌مان له‌ناو ده‌به‌ن.
مه‌جلیسی ئێران له هه‌وڵی ئه‌وه دایه كه سزای ئێعدام بۆ تاوانبارانی مادده‌ی هۆشبه‌ر هه‌ڵبگرێ، واتە ئه‌و تاوانبارانه‌ی كه چه‌كدار نین و پێشینه‌ی ئێعدام یان ١٠ ساڵ زیندانیان نه‌بووه.
به‌م پێیه، مادده‌ی ٤٦ به قانوونی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر زیادبوو كه تاوانبارانی مادده‌ی هۆشبه‌ر هێندێك جار به “موفسێدول فیلئه‌رز” ده‌ژمێردرێن و ئه‌وانه‌ی كه حوكمی ئێعدام یان ههتاههتایهیان بۆ له به‌ر چاو ده‌گرن، زیاتر له ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵ له ده‌ره‌جه‌ی یه‌كه‌مدا زیندانیان بۆ ده‌بڕنه‌وه.