لە دەیان هاووڵاتی بۆکانی کە لە رۆژی ١٠ی رەزبەی ئەمساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و دوایی بە دانانی بارمتە ئازاد کران، چوار کەسیان هێشتاکە لە زیندانی ورمێ ڕاگیراون و لە دۆخێکی نالەبەردان. زانیارییەکان باس لە لێدان و ئەشکەنجە و ئازاری ئەو چوار کەسە دەکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی هێرانا رۆژی ٥شەممە ١٥ی رەزبەری ئەمساڵ هێزە ئەمنییەکانی رێژیم بە هیرش کردن بۆ سەر چەندین بنەماڵەی بۆکانی و دەوروبەری ئەو شارە، زیاتر لە ٣٥ کەسیان دەسبەرسەر و بۆ شوێنی نادیار گواسترانەوە.
زۆربەی ئەو گیراوانە دوای ماوەیەک ئەزیەت و ئازار چێشتن بە دانانی بارمتە ئازاد کران، بەڵام چوار کەس لەوان هێشتاکە لە دۆخێکی نالەباردا لە زیندانی ورمێ ڕاگیراون. ئەو چوار کەسە بە ناوەکانی “ئەولغەفوور ئاسووار، یەعقووب نوورە، کەماڵ عەلیئەقدەم و هەژار فارووقی”ن.
یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەولغەفوور ئاسوار، ڕایگەیاند کە لە چاوپێکەوتنێکی کورتدا، ئاسەواری ئەشکەنجەو لێدانیان لە سەر جەستەو روومەتی غەفوور ئاسووار بینیوەو باسی لە نالەباریی شوینی ڕاگرتنی کردووە.
شایانی باسە لە تاوانی رەپاڵخراوی ئەو چوار هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لە بەر دەست دا نیە و گریمانەی ئەوە هەیە کە بە هۆی باوەڕیی مەزهەبی و هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە زیندان ڕاگیرا بن.