عەلی یوونسی ڕاوێژکاری تایبەتیی سەرکۆماریی ئێران بۆ کاروباری نەتەوەکان و کەمە ئایینیەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بژاردەکانی عەرەبی ئەهوازی، دانی بە هەبوونی دووچاوەکی و هەڵاواردن سەبارەت بە نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندا نا.
هەواڵدەریی ئیرنا بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەو بارەوە ڕایگەیاند کە یوونسی لەو دیدارەدا بە باس کردن لەسەر پرسی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران، کەمتەرخەمییەکانی لەم بارەوە خستەبەرباس و گوتی: “بە تەواویی ئاگاداری گیروگرفتەکانی کەمە ئایینیەکان و نەتەوەکانی دیکەیە، بەتایبەتی ئەوەی کە هێشتا بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی پارێزگای خووزستان خەڵکی خۆجێیی نین.
عەلی یوونسی لە درێژەی ئەو چاوپێکەتنەدا لە وڵامی پرسیاری یەکێک لە چالاکانی سیاسیی عەرەب گوتی: “پێکهێنانی فراکسیۆنی نەتەوەکان لە مەجلیس بە باش نازانم و لەم بارەوە نارەزایەتی خۆی دەربڕی”.
شایانی باسە تا ئێستا دوو فراکسیۆنی کورد و تورک لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ئێران پێکهاتووە.
رەخنەگران و دژبەرانی پێکهاتنی فراکسیۆنی لەم چەشنە لە مەجلیس بە مەترسییەک دەزانن کە ببێتە هۆی دابەشبوونی ئێران و هەربۆیە بە توندی دژایەتی دەکەن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە حەسەن رۆحانی لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری بە باس کردن و بەرجەستە کردنی پرسی نەتەوەکان و ئایینەکانی دیکە لە ئێران کۆمەڵێک وادە و بەڵێنی دا و عەلی یوونسی کە پێشتر بەرپرسایەتی ناوەندە ئەمنییەکانی لە ئەستۆ بووە، بە ڕواێژکاری خۆی بۆ پرسی نەتەوەکان هەڵبژارد کە ئەمەش کۆمەڵێک رەخنە و گازندەی چالاکان و توێژەرانی سیاسی لێکەوتەوە کە، بۆ دەبێ کەسێک کە خۆی لە نائەمن کردن و پەرواێزخستنی پرسی نەتەوەکان دەوری هەبووە، ببێتە راوێژکاری پرسی نەتەوەکان لە ئێران.