رۆژی شه‌ممه رێکه‌وتی ٦ی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٥ی هه‌تاوی، به‌رامبه‌ر به ٢٦/١١/٢٠١٦ هه‌یئه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستان به سه‌رپه‌رستی بەڕێز مسته‌فا مه‌ولودی، جێگری سکرتێری گشتی حیزب سه‌ردانی کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێرانی کرد، که له لایه‌ن هه‌یئه‌تێکی ئه‌و حیزبه به سه‌رپه‌رستی بەڕێز عه‌بدڵا موهته‌دی، سکرتێری گشتیی کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران پێشوازیان لێ کرا.
له دێدارێکی سێ سه‌عاته‌دا کۆمه‌ڵه باسێکی سیاسی له سه‌ر دوایین ئاڵوگۆرهکان له ناوچه و ده‌وروبه‌ر هاته به‌رباس و هه‌ردوو لا لێکدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆیان بۆ مه‌سه‌له‌کان هێنایە بەر باس و، تێبینی و سه‌رنج و روانگه‌و خوێندنه‌وه‌یان بۆ مه‌سه‌له‌کانی رۆژ له ناوچه‌دا باس کرد. له‌سه‌ر زۆر مه‌سه‌له‌ش بۆ چوونه‌کانیان وه‌ک یه‌ک بوو یان زۆر له یه‌کتر نیزیک بوون.
ته‌وه‌رێکی دیکه باسی ئه‌و کۆبوونه‌وه، چۆنیه‌تی هاوکاری و کارکردنی به‌کرده‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌گشتی و به‌تایبه‌تی کۆمه‌ڵه‌کان و دێموکراته‌کان بوو، که ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا له کۆنفرانسێک دا له سه‌نته‌ری مێری، سکرتێرەکانی هه‌ر پێنج لایه‌ن باسی هه‌ڵوێست و بۆچوون و سیاسه‌ت کردنی خۆیان کرد.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌وڵدرا کۆی ئه‌و باسانه که له سه‌نته‌ری مێری کراوه بکرێن به هه‌وێن و باسی هاوکاری کردنی هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵات و رێگایه‌کی هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه بۆ هاوکاری به‌کرده‌وه‌ی زۆرتری له نێو هێزه‌کاندا. دیاره ئیشاره به‌وه‌ش کڕا که له چەند ساڵی رابردوودا هه‌وڵێکی باش هاتۆته ئاراوه که ئاکامه‌که‌ی بۆته داڕشتنی گه‌ڵاله و پرۆژه و سه‌ر ئه‌نجام ئاماده‌کردنی پلاتفۆرمی هاوکاری نێو حیزبه‌کان و ته‌نانه‌ت ئه‌و باسانه‌ی که زیاتر له 5 ساڵه دێموکراته‌کان و کۆمه‌ڵه‌کان بۆ چه‌ندین جار کۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی و چه‌ند قۆڵیان کردوه، به‌ڵکوو به ئه‌نجامێکی عه‌مه‌لی بگه‌ن. به‌ڵام به هه‌ر هۆیه‌ک بێ ئیقدامێکی گشتگیری لێ نه‌که‌وتۆته‌وه. له‌وکۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس کرا له سه‌رجه‌می ئه‌و گه‌ڵاڵه و پلاتفۆرم و رێکه‌وتنی دوو لایه‌نه، خاڵی هاوبه‌شی زۆر به‌دی ده‌کرێ، که ده‌کرێ هه‌موویان بکرێن به سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی حیزبه‌کان به رێکه‌وتنێکی گشتگیر بگه‌ن بۆ کاری هاوبه‌شی زیاتر و که‌ڵک وه‌رگرتن له ده‌رفه‌تی ره‌خساو له زۆربه‌ی ئاسته‌کاندا.
له کۆتایی دا هه‌ر دوو لایه‌ن پێداگریان کردوه که پێویسته ئه‌و دیدارانه زیاتر بن و دوو لایه‌نیش زۆرتر له بواری جۆراوجۆردا هاوکاری یه‌کتر بکه‌ن.