غوڵامعەلی حەداد عادڵ رواێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسی شوورای گۆڕان و بردنەسەری زانستە مرۆییەکان، لە بارەی پەرەسەندی بەرچاوی خوێندکارانی بواری زانستە مرۆییەکان بە توندی رەخنەی گرت و، لەم بارەوە رایگەیاند کە دەبێ وەزارەتی زانست بەهەموو توانای خۆیەوە پێش لەم کارە بگرێ.
بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، غوڵامعەلی حەداد عادڵ رۆژی هەینی بەرانبەر بە ٥ی سەرماوەز وتی؛ کە وەرگرتنی خوێندکار لە بواری زانستە مرۆییەکان، نابێ لە گەڵ بواری پزیشکی بەراورد بکرێ و دەبێ وەزارەتی زانست بۆ ئەم دۆخە ڕێکارێک رەچاو بکا.
ناوبراو گوتی؛ نابێ وای دایبنین کە وڵات بەو ڕادەیە کە پێویستی بە پزیشکە، پێوێستی بە فیلەسووف و ئەدیب و مێژووناسە و، دەبێ پێش لە وەرگرتنی زۆری خوێندکار، لە بوارە زانستە مرۆییەکان بگیردرێت. چونکە وەرگرتنی خویندکار و دامەزراند و خستنە ڕێی قوناخی دوکتورا لە شارەکانی دیکە مەترسیدارە و خزمەت بە نیزام ناکا.
لە لایەک دیکەش بەرپرسانی وەزارەتی زانست لە پەرەپێدان وسازکردنی زانکۆ لە ئێران رەخنەیان گرت و، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوتەی:فەرهادی بەرپرسی زانکۆی تاران رێژەی خوێندکاران لە ساڵی ٩٥ بە بەراورد لە گەڵ ساڵانی دیکە دابەزیوەو پتر لە ٦٠٠هەزار کورسی بەتاڵ لە زانکۆەکانی ئێران هەیە.
رەخنەی توندی غوڵامعەلی حەداد عادڵ لەسەر وەرگرتنی لە ڕابەدەری خوێندکار لە بواری زانستە مرۆییەکان ، لە درێژەی هەڵویستی رێبەری نیزام سەیی عەلی خامنەیی دایە، کە لە ساڵی ٨٨ خوازیاری پێداچوونەوەو، گۆڕینی ناوەڕۆکی زانستە مرۆییەکان بوو.دوابەدوای هەڵویستی خامنەیی ناوەڕۆکی کتێبەکانی بواری زانستە مرۆییەکان وەکوو ئەدەبیات،فەلسەفە،مێژوو، ئاڵوگۆڕی بەسەر هات.
لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن بەشێکی بەرچاو لە ناڕازیان و جیابیران و زیندانیانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی لە ئێران، خوێندکاری بواری زانستە مرۆییەکانن. هەر ئەمەش بۆتە هۆی وەدەنگ هاتنی بەرپرسانی باڵای رێژیم و دەستێوەردان کردنیان لە بواری زانستە مرۆییەکان و کەمکردنەوەی رێژەی خوێندکاران لەم بوارەدا.
پێشتر لە مانگی خەرمانانی ٨٨ی هەتاوی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژەدان بە هەبوونی سێ میلیون و ٥٠٠هەزار خوێندکاری بواری زانستە مرۆییەکان ئەمەی بە پرسێکی مەترسیدار ناوبرد و فەرمانی پێداچوونەوەی دەر کرد.