سەحەر فەیزی کچە خوێندکاری سەقزی سەرلەنوێ بانگهێشتی دادگا کرا،
ئەو خوێندکارە تەمەن ٢٥ ساڵە، رۆژی ٢٣ی رەزبەری ٩٣ لە ماڵی باوکی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی رێژم دەستبەسەر و، دوای ٤مانگ ڕاگرتنی لە بەندیخانە و ئازار و ئەشکەنجەکردن، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد دەکرێ.
ناوبرا بە تۆمەتی هەبوونی پێوەندیی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە رۆژهەڵاتییەکان لە ماوەی دادگایی کردنیدا لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەش کراوەو چەندین و چەند تاوانی وەپاڵ خراوە. سەحەر فەیزی بە پێی حوکمێک بە دەستی گەیشتووە دەبێ رۆژی ٢٩ی سەرماوەز بچێتە بەردەمی دادگا.
شایانی باسە هەر ئێستا ٥ ژنی دیکەی کورد بە ناوەکانی ئەفسانەی بایزیدی، هاجەر پیری، سوهەیلا مینایی، سوودابه حەسەنخانی و فەریده خوشنام بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵات و هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە زیندانی شاری کرمان ڕاگیراون و لە مافی مەرەخسی و گرتنی پارێزەریش بێبەش کراون. هەروەها بە پێی ڵێکۆڵێنەویەکی بڵاوکراو لە لایەن ئیحسان فەتاحی رۆژنامەنووسی کورد لە زیندانەکانی ئێران زیاتر لە ٦٤ ژن بە تاوانی ئەمنییەتی دەسبەسەرو لە دۆخێکی دژوار دان.