ئەردۆغان ڕایگەیاند کە سنوورەکانی تورکیە بەرانبەر بە شەپۆلی پەنابەرانێک کە دەیانهەوێت بەرەو وڵاتانی ئورووپایی بچن، ئاوەڵە دەکا.
دوابەدوای دەنگی پارلمان ئورووپا بۆ هەڵپەساردنی کاتی دانوستان کردن لەگەڵ تورکیە کە دەیهەوێ ببێ بە ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی هەینی ٥ی سەرماوەز هەڕەشەی کرانەوەی سنوورەکانی بە رووی ئەو پەنابەرانە کرد کە لە وڵاتی تورکیە ڕاگیراون و دەیانهەوێ روو لە وڵاتانی ئورووپایی بکەن. بە پێی ڕاپۆرتی رویتێرز؛ سەرکوت و دەمکوت کردنەکانی ئەم دواییانەی دەوڵەتی ئەردۆغان لە تورکیە پێوەندیی نێوان تورکیە و یەکیەتیی ئورووپای ئاڵۆز کردووەو ئەوە لە کاتێکدایە چەند مانگ لەمەوبەر دەوڵەتی ئانکاراو یەکیەتی ئورووپا سەبارەت بە کونترۆڵ کردنی پەنابەران لە سنوورەکانی تورکیە ڕێککەوتنیان واژۆ کردبوو.
ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە هەڵپەساردنی دانوستانەکان سەبارەت بە ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند ئەگەر یەکیەتیی ئورووپا درێژە بەم کارە بدا ئێمەش سنوورەکانمان بە رووی هیچ پەنابەرێک داناخەین.
سەرەڕای پەسەندکراوی یەکیەتیی ئورووپا بۆ هەڵپەساردنی وتووێژەکان لە تورکیە، وڵاتانی ئاڵمان و فەڕانسە خوازیاری درێژەدان بە وتووێژەکانن.
شایانی باسە پرسی پەنابەر پرسێکی گرینگە لە نێوان تورکیەو وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا، بەجۆریک وەکوو کارتی گوشار بەکار دەهێندرێ.
رەخنەی یەکیەتیی ئورووپا بۆ رووداوەکانی ئەم دواییانەی وڵاتی تورکیە دەگەڕێتەوە کە دەوڵەتی ئەنکارا پاش کوودەتا ناسەرکەوتووەکەی ئەو وڵاتە، دەستی دایە ڕەشبگیریی و پتر لە ١١٠ هەزار کارمەندی لە دامودەزگا حکومییەکان لە سەر کار دەرکرد. هەروەها رێبەران و نوێنەرانی پارتی دێموکراتیکی گەلانی دەسبەرکردووە و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن تاکوو ئێستا ٣٦هەزار کەس دەسبەسەر و بەشێکی بەرچاو لە رۆژنامە و میدیاکان لە تورکیە داخرون.