سپای پاسداران لە درێژە پیلانگێڕی و سەپاندنی سیاسەتەکانی خۆی لە نێو خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی منداڵان و لاوان لە ڕێگەی جۆراجۆر لە هەوڵدایە.
بە پێی هەواڵی ماف نیوز، سپای پاسداران بە بەڕێوەبردنی ٤ گەڵاڵەی دارێژراو بە مەبەستی ڕاهێنانی نیزامیی منداڵان لە شاری شنۆ، لە هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی منداڵانە کە ببن بە ئەندامی بەسیج.
سپای پاسداران لە ژێرناوی ئاوەدان کردنەوەی گوندەکانی کوردستان خەریکی زیادکردنی بنکە ومۆڵگەی تایبەت بە خۆیەو ، دەیهەوێت بەم جورە زۆربەی خەڵک بکات بە دارەدەست و لە هاتنە ئارای هەر چەشنە ئەگەرێک لە خەڵکی گوندەکان کەڵک وەربگرێ.
بە پێی هەواڵی ماف نیوز سپای پاسداران لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە دامەزراندنی ناوەندەکانی پێوەندیدار خەرێکی مەشق کردنی نیزامی بە منداڵانە وبە بڵاوکردنی کتێب و نووسراوەی تایبەت دەیهەوێت لەسەر منداڵان و تازەلاوان کاریگەری دابنێ.
پێشتر لە هەواڵەکاندا بڵاوکرایەوە کە بە دەستووری سەرهەنگ”اللە دانە”فەرماندەی سپای پاسداران لە ناوچەی رەوانسەر زیاتر لە ٣٥٠ کتێبی تایبەت بە سپاو مەشقی نیزامی لە نێوان منداڵانی گوندنشینی ئەوناوچەیە بڵاوکراوەتەوە.
ئەم هەوڵەی سپای پاسداران تەنیا گوندەکانی سەرسنووری نەگرتووتەوە بەڵکوو بە ڕاشکاوی و بە کەڵک وەرگرتن لە وتارخوێنەکانی رۆژی هەینی، و سەردان کردنی فەرماندەکانی سپای پاسداران لە قوتابخانەکانی کوردستان بۆ بەدناوکردنی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبە رۆژهەڵاتییەکان و وەگەڕ خستنەوەی جاشەکان دەیهەوێت کەشی ئەمنیەتی لە شارەکانی کوردستان زیاتر بکا و پەرە بە پیلانەکانی خۆی بدا.