دکتور عەلی مەولەوی خەباتکار و مرۆڤدۆستی ناسراو و، یەکەم پزێشکی موکریان ، دوای تەمەنێکی سەربەرزانە و لێوانلێو لە خزمەت و تێکۆشانی بێوچان، لەشاری تاران کۆچیدوایی کرد.
دکتور عەلی مەولەوی کوڕی مێرزا محەممەد لە ساڵی ١٣٠٤ لە شاری مەهاباد لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار و تێگەیشتوو لە دایک دەبێ و، لە ژێر کاریگەریی باوکی کە خاوەنی دەرمانخانەیەکی گەورە بووە لە مەهاباد خوو بە فێربوونی زانستی پزیشکی دەگرێ.
دوکتور عەلی لە سەردەمی “ژ.کاف” هەستی نەتەوایەتیی دەبزووێ و لە ئەندامان و دامەزرێنەرانی سازمانی جەوانان بوو کە ڕیکخراویەکی تایبەت بە لاوانی شۆرشگێڕ و نیشتماندۆست بوو.
دکتور عەلی مەولەوی لە هەڕەتی لاویەتییدا ڵاپەڕەکانی گۆڤاری نیشتمان و بەتایبەتی رۆژنامەی کوردستانی بە قەڵەمی بە پێزی خۆی دەڕازاندەوە.
ناوبراو دواتر لە شاری تەورێزو تاران لە بواری پزیشکی درێژە بە خوێندن دەداو پاشان دەگەڕێتەوە شارو گوندەکانی زێد و نیشتمانی خۆی بۆ خزمەت کردن. بۆ ماوەیەک لە شاری سەقز کاری پزیشکی دەکا و لە پێناوی خزمەتە بەنرخەکەی پەرە بە کوردایەتیش دەدا.
دوکتور عەلی مەولەوی دوای کۆنفڕانسی یەکەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێ و لە شاری سەقز و تاران درێژە بە چالاکیی سیاسی دەدا . ساڵی ١٣٣٨ کە حیزب دەکەوێتە بەر پەلاماری رێژیمی پاشایەتی، ناوبراو هاوکات لە گەڵ بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان وتێکۆشەرانی حیزب دەسبەسەر دەکرێ و، سەرەتا لە لایەن دادگاوە حوکمی ئەبەدی بۆ دەبڕێتەوە ، بەڵام پاش شەش ساڵ ئازاد دەکرێ. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە دوکتورعەلی مەولەوی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە بەندیخانەش وەکوو پزیشکێکی سوێندخواردو بە زانست وکەرامەتی پزیشکی بێوچان و بێ بەرانبەر نەخۆشەکانی چارەسەر دەکرد و ، تەنانەت لە بەندیخانە بە بەڕێوەبردنی دەوری ڕاهێنانی پزیشکی، کۆمەڵێک کەسی وەکوو کادری دەرمانی پەروەردە کرد.
ئەم پزیشکە خۆشەویست و خۆنەویستە، ئەندامی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و وەفادار بە رێبازی پێشەوا قازی محەممەد ، رۆژی ٢ی سەرماوەز لە تەمەنی ٩١ ساڵەییدا، دڵە پڕ ئاواتەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوەندنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وێڕای یادکردن و رێزگرتن لە یاری دیرینی حیزبەکەمان، پرسەوسەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی گەورەی مەولەوی وسەرجەم کەسوکاری دوکتور عەلی دەکا و ، خۆی بە هاوخەم و شەریکی خەمیان دەزانێ.