بە پێی راپۆرتی گەیشتوو لە کۆمیسۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە درێژەی پیلانەکانی رژیم بۆ بۆشایی خستنە نێوان خەڵک و هێزی پێشمەرگە و هەروەها بەد ناوکردنی حیزبە رۆژهەڵاتییەکان بەتایبەتی حیزبی دێموکرات، دیسانەکە دەست وپێوەندییەکانی رێژیم بە کەڵک وەرگرتن لە بۆنە حکوومەتیەکان وەکوو حەوتووی بەسیج هێرشێکی بەربڵاوی تەبلیغییان بە دژی حیزبەکان و هێزی پێشمەرگە دەسپێکردوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە رۆژانی ڕابردوودا، لە شاری مەهاباد وتاربێژی رۆژی هەینی بە مەبەستی بەدناو کردن و، لە پێشچاو خستنی پێشمەرگە، ئەویش لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان دەستیداوەتە خراپ کردن و هێرش کردن بۆ سەر حیزبە رۆژهەڵاتییەکان و بەدناو کردنی پێشمەرگە.
ناوبرا بە بەرجەستە کردنی جاشەکان کە خۆیان”پێشمەرگە موسڵمانی” پێ دەڵێن ،پێشمەرگەی کوردستانی بە بێ دین و بێ باوەڕ ناوبرد. ئەم پیلانە تەنیا لە شاری مەهاباد رووی نەداوەو بەڵکوو لە شارەکانی دیکەش وتاربێژانی رۆژی هەینی و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران بە بەڕێوەبردنی رێورەسمی تایبەت، بانگەشەیان بۆ سپا و سیاسەتەکانی رێژیم کردووەو لەو ڕێگەوە بە توندی هێرشیان کردوتە سەر پێشمەرگەی کوردستان و حیزبە رۆژهەڵاتییەکان.