دیارەدەی کارەساتباری خۆکوژی لە شارەکانی کوردستان کە چەند مانگێکە پەرەیئەستاندوە لە شاری سنە قوربانیەکی دیکەی لێکەوتەوە.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ رۆژی سێشەممە بەرانبەر بە ٢ی سەرماوەز هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بەناوی “حامد.ر” پەنا بۆ خۆکوژی دەبا و، لەو رێگەوە گیانی لە دەستدەدا.
زانیارییەکان باس لەوەدەکەن کە ناوبراو خێزاندارەو بە هۆی گوشاری ماڵی ودەسکورتی خۆی کوشتوە.
قەیرانی کۆمەڵایەتی و نالەباریی دۆخی ئابووری و بێکاری، هاوکات لەگەڵ بێ هیوایی بە داهاتوو، لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆژیەکانی خەڵک ئیران و بەتایبەتی خەڵکی کوردستانە.
بە پێی هەواڵی دیکە تەرمی لاوێکی بێسەروشوێن بووی مەریوانی بەناوی “کاوان پارسا” لە لایەنە ئەندامانی سەوزە چیای مەریوان لە کیوەکانی دەوروبەری ئەوشارە دۆزرایەوە، تا ئێستاش لە چۆنیەتی مەرگی ئەو لاوە زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.
خۆکوشتن لە شارەکانی کوردستان بەتایبەتی لە نێو چینی کەمداهات وبێ هیوا رۆژبەرۆژ روو لە زیادبوونەوە و تائێستا هیچ ناوەندێکی دەوڵەتی ئاوڕێکی جیددی لەم قەیرانە کۆمەلایەتییە نەداوەتەوە. هەرلەم پێوەندییەدا لە حەوتووی ڕابردوو، قوتابییەکی خەڵکی کرماشان بە هۆکاری ناروون لە رێگەی خۆکوژییەوە گیانی لە دەستدا.
رێژەی خۆکوژییەکان لە شاروگوندەکانی کەم داهات و نزیک بەسنوور بەبەراورد لەگەڵ شارەکانی دیکە زیاترە. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لە سەرەتای ساڵی٩٥ی هەتاوی تاکوو ئێستا ۳٤ جۆری خۆکوژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا رووی داوە.