لە درێژەی ئاگرتێبەردانەکان لە دارستان و بێشەڵانی ژینگەی کوردستان رۆژی ١ی سەرماوەز دارستان و لەوڕگەکانی شوانکارەو قۆری قەڵا، و قەڵاگەو قشلاخ لە بناری شاهۆ ئاگریان تێبەردرا.
ئاگرکەوتنەکان لە دارستان و ژینگەی کوردستان بە دەسپێکردنی وەرزی سەرماش ڕانەوەستاوەو هێشتاکە درێژەی هەیە. گوماناوی بوونی ئەم خەسار و زیانە ژینگەییە گەیشتووتە ئاستێک کە چالاکان و ژینگەپارێزان بە گەڵاڵەیەکی دارێژڕاوی بۆ لە ناو بردنی سروشتی کوردستانی دەزانن.
بە پێی سەرچاوە خۆجێیەکان، سپای پاسداران بەجۆرێک لە گەڵ ئەم ئاگرتێبەردانە لە پێوەندی دایە و ساڵانێکە دەیهەوێت بە تەواوی بەرزاییەکانی شاهۆ بە مەبەستی سازکردنی پێگەو مۆڵگەی تایبەت بەخۆیان داگیربکات. هەربۆیە هەرچەند جارێک ئاگر لە داروبێشەڵانی ئەو ناوچەیە بەردەدەن.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لووتکەی ساناو لە کێوەکانی شاهۆ و دەشتی یوونسی لە قۆڕی قەڵا پایەگا و شوێنی سەربازی زیاتری کردووتەوە .